هه‌ینی, 28 ی ئازار , 2025
سکاڵایەکى نوێ لەبارەى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان لە دادگەی فیدڕاڵی تۆماردەکرێت
  2025-03-03       333       

لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی سکاڵایەک بۆ جێبەجێکردنى تەواوى ئەو مادە و بڕگانەى پەیوەندیدارن بە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان، رادەستکردنى نەوت، هەروەها دەرکردنى فەرمانسالارییەک بۆ ناردنى پارەى کۆمپانیاکانى نەوت، تۆمارکرا.

 
ئاوێنە: سکاڵاکە، لە دژى هەریەک لە؛ سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەر هەرێم، سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزیرى دارایی فیدراڵ و وەزیرانى نەوت و سامانە سرووشتییەکان تۆمار کراوە.
 
پارێزەر ئازاد دۆسکى، سکاڵاکەی تۆمار کردووە و داواى کردووە سکاڵالێکراوان ناچاربکرێن بە جێبەجێکردنى مادەکانى 1، 11، 12 و 13ـی یاساى بودجەى گشتی، کە تایبەتە بە پشکى هەرێم  و رادەستکردنى نەوت.
 
رۆژی 2ـی شوباتى 2025، پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
 
داواکراوە دادگەى فیدراڵى ، فەرمانسازییەک دەربکات بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەى رادەستبکات و وەزارەتى دارایی فیدراڵ پارەى حەقدەستى کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بنێرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×