قەیس خەزعەلی: هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵناوەشێندرێنەوە
  2025-03-03       260       

ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند، شتێك نییە بە ناوی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، چونكە چەكی ئەم گرووپانە بۆ ململا ناوخۆییەكان بەكارنەهێنراوە، ئەمە هەوڵێكە بۆ لێسەندنەوەی چەكی یەدەگی عێراق و هێرشی بەردەوامی توركیا بۆ سەر وڵاتمان.

ئاوێنە: قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق سەبارەت بە داوای ئەمریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت و دەلێت: حەشدی شەعبی بە بڕیاری دەسەڵاتی باڵای ئایینی، سەید عەلی سیستانی درووست كراوە، شتێك نییە بە ناوی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، چەكی گرووپەكان لە ململانێ ناوخۆییەكاندا بەكارنەهێنراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەكی گرووپەكان بەرگری لە سەروەری و پاراستنی خاكی عێراق دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بانگەوازی ڕادەستكردنی چەكی گرووپەكان هەوڵێكە بۆ لێسەندنەوەی چەكی یەدەگی عێراق، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەر سەروەری عێراق.

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق سەبارەت بە بەشداری چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە یەك لیست وتی: چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنەكاندا بە چەندین لیست بەشداری دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×