كوردێك وەك بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خورماتو دەستبەكاربو
  2025-03-02       358       
ئەمرۆ یەكشەممە، پێشوازی پارێزگاری سەڵاحەدین لە حسێن عەلی محەمەد بەبۆنەی دەستبەكاربونی وەك بەڕێوەبەری نوێی كشتوكاڵی خورماتو

پارێزگاری سەڵاحەدین بڕیاری دەستبەكاربونی "حسێن عەلی محەمەد"ی وەكو بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خورماتو دەركرد، ناوبراو لە پێكهاتەی كوردە، ئەوەش دوابەدوای هەڕەشەی كشانەوەی تاكە ئەندامەكەی كورد هات لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین.

ئاوێنە: بەپێی بڕیاری بەدر فەحل، پارێزگاری سەڵاحەدین كە ئەمڕۆ یەكشەممە 2ی ئادار دەرچوە لەمەودوا حسێن عەلی لە پێكهاتەی كورد لەجێی عەلی جەلال دەستبەكاردەبێت.

هاوكات بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای سەڵاحەدین هەر ئەمڕۆ، بەدر فەحل، پارێزگاری سەڵاحەدین لە دیوانی پارێزگا پێشوازی كردوە لە حسێن عەلی محەمەد بەبۆنەی دەستبەكاربونی وەك بەڕێوەبەری نوێی كشتوكاڵی خورماتو.

پارێزگای سەڵاحەدین وتوشیەتی، دەستبەكاربونی حسێن عەلی محەمەد لەچوارچێوەی رێكخستنەوەی كارە ئیدارییەكان و بەهێزكردنی رۆڵی دامەزراوەكانە لە قەزای خورماتو.

لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، ئەوە یەكەمجارە كورد ئەو پۆستە لە خورماتو وەردەگرێتەوە كە پێشتر بەدەست كوردەوە بو.

دەستبەكاربونی ئەو كوردە لە پۆستەكەدا، دوای ئەوە هات كە هەفتەی رابردو یاسین محەمەد، كە تاكە كوردە لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، هەڕەشەی كشانەوەی لە ئەنجومەن و بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەن كرد، بەهۆی ئەوەی ئەنجومەن رەزامەندی نیشان نەدا لە دەستبەكاربونی كاندیدەكەی كورد بۆ پۆستی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خورماتو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×