ئەندامێكی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردون.
ئاوینە: کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران دەستیکردوە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنورەکان و زیاتر لە 151 بنکەی دروستکردون، لە کاتێکدا تورکیا 74 بنکە و بارەگای لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بونیاتناون."
وتیشی"ئێران بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروستکردون، بەڵام تورکیا 35 کیلۆمەتر هاتوەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە."
دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەداوە، لە سنوری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جموجۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت.
ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقەوە دەپارێزرێن، هەرچەندە پێکهاتەی ئەو هێزانە کوردن بەڵام سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئامادە نەبوە ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە"ئێران لەهەندێک ناوچە خاڵ و رەبیەی سەربازی لەناوچەی بەرزو ستراتیژی ناو سنوری هەرێمی کوردستان دروستکردوە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم لەمە ئاگادارە بەڵام تا ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیران باس نەکراوە، چونکە ئەمە ئیشی حکومەتی عێراقە."