دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەهەڵسەنگاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا، دەڵێت "پەیامەکەی ئیمرالی لەسەرەتاوە تا کۆتایی بەنرخ و گرنگە، پەیامەکەی قەندیلیش تەواوکەری پەیامکەی ئۆجەلانەو جێگەی ڕەزامەندین".
ئاوێنە: باخچەلی لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند "پەیامەکەی قەندیل پشتیوان و تەواوکەری بانگەوازەکەی ئۆجەلانە کە لە ٢٧ی شوبات راگەیاندرا، بەڕاستی دڵخۆشکەرن"
باخچەلی وتی "کۆبوونەوەی سەرکردەکانی پەکەکە لەقەندیل لەدەوروبەری ئیمرالی و پاڵپشتیکردنی بانگەوازی ٢٧ی شوبات لەم قۆناغەدا یەکدەنگییەکی ڕێکخراوەییە و لەبەرژەوەندی هەموواندایە، دەستبردن بۆ برایەتی تورک و کورد لەمەودوا هەم مەحاڵە، هەم هەڵەیەو بیر لێکردنەوەیەکی بێهودەیە".
وتیشی "مەهەپە بەناوی نەتەوەی گەورەی تورکەوە سوپاسگوزارە بۆ هەر کەسێک کە بەشدارییەکی دڵسۆزانە لەدۆزی تورکیایەکی دوور لە تیرۆردا بکات و بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە پشتیوانی لەپرۆسەی دیموکراتیزەکردن بکات. پیلانێکی فێڵبازانەیە لەلایەن هەندێک کەسی نیازخراپەوە کە لەمیدیاکاندا کار لەسەر بێڕێزیکردن بە بانگەوازی ٢٧ی شوبات و تێکدانی هەنگاوەکانی بەرەو ئاشتی و ئارامی دەکەن. دەمەوێت ئەوە بزانرێت کە ئەوانەی هەوڵی کەمکردنەوەی حەسرەتی تورکیەیەکی بێ تیرۆرو گەشبینی دەدەن، دژە نەتەوەیین کە خۆراک دەدەن بەمەیلی جیابوونەوە و سوود بەدرێژەدان بەهێرشە خوێناوییەکانی تیرۆر دەگەیەنن".