عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی بۆتە یەكێك لە باشترین وڵاتەكانی جیهان لە كۆنترۆڵكردنی فرۆشتنی دۆلارداو پرۆسەكەش بەوپەڕی شەفافیەت و وردبینی ئەنجام دەدرێت.
ئاوێنە: عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی وڵاتەكەی راگەیاند، عێراق ئەمڕۆ بۆتە یەکێک لە باشترین وڵاتەکانی جیهان لە کۆنتڕۆڵکردنی فرۆشتنی دۆلار، بەو پێیەی ئەو پرۆسەیە بە شەفافیەت و وردبینی ئەنجام دەدرێت، لێكۆڵینەوە لە هاوڵاتیان دەكات لەڕێی بەڵگەنامەی و جێهێشتنی وڵات، ئەم میکانیزمەش دیسپلینترین و شەفافترین و کۆنتڕۆڵکراوترین میکانیزمە لە جیهاندا، وەک ئەوەی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەکەن.
پارێزگاری بانکی ناوەندی وتیشی، هەواڵی ناڕاست و شێواندنی میدیا رەنگە زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و کەرتی بانکی بگەیەنێت.
جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگی شانازیکردن بەو پێشهاتە گەورانەی کە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت و بانکی ناوەندی بەوپەڕی تواناوە کاردەکەن بۆ جێگیركردنی رێكاری دروست و گونجاو لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بەپێویستشی زانی لە میدیاکاندا تیشک بخرێتە سەر ئەو دەستکەوتانە .