وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە ئەپیکور و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، رۆژی سێشەممە شاندیان سەردانی بەغدا بکات بەمەبەستی كۆبونەوە لەبارەی گرێبەستەكان.
ئاوێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێکدا بانگهێشتی کۆمپانیا بیانییەكانی سەر بە (ئەپیکور)ی کردوە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە بەغدا ئامادەبن.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەر سێ لایەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە گرێبەستەکانەوە هەیە کۆدەبنەوە؛ کۆبونەوەکەیان بە مەبەستی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێک کە خزمەت بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بکات بە باشترین شێواز و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات.
دوێنێ هەینی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چەند سەعاتی داهاتودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن، بەڵام 8 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان رەتیانکردەوە نەوت هەناردەبکەن تاوەکو رێککەوتنێک نەکرێت بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان.