وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی كارەبا لەو شوێنانەی كە لە پلانیدا بوە، سەركەوتو بوە لە دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی و دەشڵێت، لەبارەی دۆخی كارەبا هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە بەناوی وەزارەت و فەرمانگەكانمانەوە بڵاوكراوەتەوە.
ئاوێنە: وەزارەتی كارەبا، ئەمڕۆ هەینی، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، لە هەندێ پەیج و ئەکاونتی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا، هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە بە ناوی وەزارەتی کارەبا و فەرمانگەکانییەوە لەبارەی دۆخی کارەبا بڵاو دەکرێنەوە، وەزارەتی کارەبا تەنیا لە رێگەی وتەبێژ و پەیجە فەرمییەکەیەوە، زانیاری و داتای پێویست لەبارەی کار و چاڵاکی و بڕیار و لێدوان و رەوشی کارەبا بڵاو دەکاتەوە.
وتوشیەتی، وەزارەتی کارەبا لە ماوەکانی رابردودا دەستی بە پرۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری کردوە و لەو شوێنانەی لە پلانەکەی دایە، سەرکەوتو بوە لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.
جەختیشی كردۆتەوە، لە بەرانبەر هەر جۆر هەوڵێک بۆ بە لاڕێدابردنی ڕایگشتی و پێدانی زانیاریی هەڵە لە بارەی دۆخی کارەبا، رێوشوێنی یاسایی دەرهەق ئەو کەس و لایەنانە دەگرینەبەر.