سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری-جەهەپە، بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ چەكدادان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، بە "گرنگ" ناودەبات و داوا دەكات پەكەكە پابەندی پەیامەكە بێت و دەشڵێت، دەبێت پرسی كورد بەشێوەیەكی شەفافانە لە پەرلەمانی توركیا چارەسەر بكرێت.
ئاوێنە: ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێمە سورین لەسەر هەڵوێستی مێژوییمان بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی وڵات لەڕێگەی ئامڕازە دیموكراسییەكانەوە. هەروەها "هەمیشە دژی هەمو جۆرەكانی تیرۆر و توندوتیژی بوین و دەبین."
ئەوەشی خستۆتەڕو"جەخت لە هەڵوێستی خۆمان دەكەینەوە لەوەی كە پرسی كورد دەبێت بەشێوەیەكی شەفافانەو لەژێر سەقفی پەرلەمانی توركیادا بە بەشداری سەرجەم چینوتوێژەكان چارەسەر بكرێت."
سەرۆكی جەهەپە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ دانانی چەك و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، بانگەوازێكی گرنگەو وتوشیەتی، هیوادارین پەكەكە بانگەوازەكە پەسەند بكات و داخوازییەكانی نێو پەیامەكە جێبەجێ بكات.
لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"بێگومان كێشەكان بە هیواخواستن چارەسەر نابن، بەڵكو بە رەخساندنی ژینگەیەك لە متمانەو كاركردن چارەسەر دەكرێن. چارەسەری سەرجەم كێشەكانی توركیا، تەنیا لەڕێگەی هێنانەدی ئاشتییەكی نێوخۆییەوە دەكرێت. ئاشتی نێوخۆییش لە سایەی سیستمێكی خۆسەپێندا بەدی نایەت بەڵكو لەسایەی سیستمێكی دیموكراسیدا دێتەدی، ئەوەش بە پابەندبون بە بنەماكانی سەروەریی یاسا و دادپەروەری و یەكسانی."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە "وێڕای گرتنەبەر رێوشوێنە یاساییە پێویستەكان بۆ گواستنەوەی دیموكراسی، پێویستە دەست لە شێوازە نایاساییەكان بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان هەڵبگیرێت و سنورێك بۆ پێشێلكارییە دەستورییەكان دابنرێت."
جەختیشی كردۆتەوە كە "جەهەپە رێگە نادات بە قۆستنەوەی داواكاریی كۆمەڵگە بۆ ئاشتی و دیموكراسی لەلایەن هیچ دەسەڵات و بەرپرس و لایەنێكەوە بەمەبەستی هێنانەدی ئامانجە سیاسییە تایبەتەكانی خۆی."