دوای دیدارییان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی كەمێك لەمەوبەر گەیشتنە ئەو هۆتێلەی كە بڕیارە سەعات 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیامە مێژوییەكەی ئۆجەلانی تێدا رابگەیەنن.
ئاوێنە: وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی كە پێكهاتون لە ئەحمەد تورك، پەروین بوڵدان، سری سورەیا ئوندەر، تولای حاتیمئۆغلۆ، تونجەر باكیرهان، جەنگیز چیچەك فایق ئۆزگول، دوای دیداری ئەمڕۆیان لەگەڵ ئۆجەلان، كەمێك لەمەوبەر گەیشتنە ئەو هۆتێلەی كە بڕیارە تێیدا پەیامە مێژوییەكەی ئۆجەلان رابگەیەنن.
لەبەردەم هۆتێلەكە لەلایەن جەماوەرێكی زۆرەوە بە وتنەوەی دروشمی "بژی رێبەر ئاپۆ" پێشوازی لە وەفدەكە كرا.
بەپێی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، پەیامەكەی ئۆجەلان بە زمانی كوردی لەلایەن ئەحمەد تورك و بەزمانی توركیش لەلایەن پەروین بوڵدانەوە دەخرێتەڕو.
ئاماژە بەوەشدراوە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی پەیامە مێژوییەكەی ئۆجەلاندا، وێنەیەكی ناوبراویش كە لەگەڵ وەفدەكەی ئیمراڵیی دەم پارتی گرتویەتی بڵاودەكرێتەوە.