وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە سووریا پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، ئەمریكا پێشنیازی بۆ ئێمە كردووە هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگرین، هەروەها واشنتۆن پەیامی نافەرمی سەبارەت بە دۆخی گرووپە چەكدارەكان ناردووە.
ئاوێنە: فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەیوەندی وڵاتەكەی لەگەڵ سووریا و دەستتێوەردانەكانی ئێران و پەیامەكانی ئەمریكا، لە چاوپێكەوتنێكدا زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو ڕایگەیاند هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە سووریا پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، واشنتۆن بابەتگەلێكمان بۆ دەخاتە ڕوو< كە پەیوەندییان بە زیادبوونی گوشارەكانی سەر ئێرانەوە هەیە.
دەشڵێت، سووریا سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوەی بۆ عێراق داوای گەرەنتی ئەمنی نەكرد، هاوكات ئێمە داواكاری وەزیری دەرەوەی سووریامان بۆ دواخستنی سەردانەكەی بۆ عێراق قبوڵكرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا داوای لێكردووین هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگرین، بەردەوام بین لە گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا.
باسی لەوەشكرد، كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نەگۆڕاوە، بەڵام واشنتۆن پەیامی نافەرمی سەبارەت بە دۆخی گرووپە چەكدارەكان ناردووە، ئەو گرووپانە مەترسی لەسەر مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان دروست ناكەن، داماڵینی چەك لە گرووپە چەكدارەكان پێویستی بە گفتوگۆی ناوخۆیی هەیە.
وتیشی، بەهۆی پێشهاتەكانی ناوچەكە گرووپە چەكدارەكان هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان ڕاگرت، ئێمە كاردەكەین بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا و ئێران.
ئەوەشی خستەڕوو، هیچ سزایەكی نوێی ئەمریكا بۆ سەر بانكەكانی عێراق نییە، دەبێت لە شەڕ و ململانێ چەكدارییەكان دوور بكەوینەوە، هەڕەشەكان سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق هێشتا بوونی هەیە.
جێگای ئاماژەیە، دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامدا.