خانەنشینانی نوێ بۆ مانگی رەمەزان مووچە وەرناگرن
  2025-02-27       300       

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خانەنشینانی نوێ بۆ مانگی رەمەزان مووچە وەرناگرن و رەنگە لە مانگی چواردا مووچە و پاداشتیان بۆ خەرجبکرێت.

ئاوێنە: سادق عوسمان، سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌ڵێ" بەهۆی رێکارە کارگێڕییەکانەوە ئەوانەی بەیاسای ژمارە 9ـى خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق لە سەرەتای مانگی شوبات خانەنشین بوون مووچە و پاداشتەکەیان دوادەکەوێت و رەنگە لە مانگیی چوار کۆی مووچەکانیان بە پاداشتی شەش مانگەکەوە پێبدرێت".

بەگوێرەی وتەبێژەکەی یەکێتی خانەنشینان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بەزووترین کات مامەڵەکانیان رایی بکرێت و خێرایی لە رێکارەکاندا بکرێت.

سادق عوسمان وتیشی، "ئەو خانەنشینانە دەبێت مامەڵەکانیان بڕواتە هەولێر و دۆسییەکانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی، دواتر پێناسی خانەنشینیان بۆ دەربکرێت و ئەوجا مووچەکانیان دەدرێت".

بە بڕیاری حکومەتی عێراق ئەمساڵ یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو لە هەرێمی کوردستانیش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوانەی تەمەنیان 60 ساڵ بوو، خانەنشین کران کە ژمارەیان نزیکەی 25هەزار فەرمانبەربوون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×