بەهۆی توندوتیژییەكانی هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر مامۆستایان و رۆژنامەنوسان لە ناحیەی عەربەت، بەرپرسی كۆمیتەی ڕابەریی ڕێكخراوی دەرەوەی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان، لە دژی یەكێتی ناڕەزایەتی دەگەیەنێتە ڕێكخراوی جیهانی سۆسیالیست ئینتەرناسیوناڵ، كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكێكە لە ئەندامانی رێكخراوەكە.
ئاوێنە: لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە "هێزەكانی كۆماندۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەشێوەیەكی دڕندانە هێرشیان كردووەتە سەر خێمەكەی خۆپیشاندەران لە عەربەت و چەند مامۆستا و فەرمانبەریان بریندارو چەند كەسیشیان دەستگیركردووە. هەروەها پەلاماری چەندین رۆژنامەنوس و میدكاریان داو ئازاریاندان و بەشێك لە كەلوپەلەكانیان شكاندن و دەستیان بەسەردا گرت".
دەقی پەیامەكەی دەشتی جەمال، بەرپرسی كۆمیتەی رابەریی ڕێكخراوی دەرەوەی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان:
نامەیەك بۆ بەڕێز پێدرۆ سانچێزی سەرۆكی سۆسیالیست ئینتەرناسیوناڵ
بەڕێز خاتوو بینیدیكتا لاسی سكرتاریەتی گشتی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ
بابەت :توندوتیژی یەكێتی نیشتمانی بەرامبەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان
بەڕێز / سەرۆك و سكرتاریەتی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ
دوای سڵاو..
لەدرێژەی ناڕەزایەتیەكانی چەند هەفتەی ڕابردوودا، دژی نەدانی مووچەكانیان و خراپی باری گوزەرانیان، دوای پینچ مانگی بەردەوام خۆپیشاندان و ڕێپیوان و مانگرتن، بەڵام دەسەلاتدارانی كوردستان وەلامیان نەدانەوە، رۆژی ٢٣ی شوبات، ژمارەیەك مامۆستاو فەرمانبەری هەرێمی كوردستان، بۆ رێگرتن لەو تەنكەرانەی نەوت بە قاچاغ دەگوازنەوە بۆ ئێران كە لەلایەن كۆمپانیاكانی سەر بە یەكیتی نیشتیمانی كوردستان و بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئەنجامی دەدەن، لەسەر رێگای تەنكەرەكان خێمەیان هەڵدا وەكو دەربێنی ناڕەزایەتی و ناچاركردنی یەكێتی و پارتی كە پیكهێنەری حكومەتی هەرێمی كوردسنانن، بە وەڵامدنەوە بە خواستەكانیان كە بریتیە لە دانی مووچە دواكەوتوەكانیان و پلە بەرزكردنەوەو مووچە دزراوەكانی چەند ساڵی ڕابردوویان، كە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت. بەلام لەجیاتی وەڵامدانەوە بە داواكاریەكانیان شەوی ٢٤ لەسەر٢٥/٢/٢٠٢٥، هیزەكانی كۆماندۆی یەكیتی نیشتیمانی كوردستان بەشێوەیەكی دڕندانە هێرشیان كردە سەر خێمەكەیان و چەند مامۆستا و فەرمانبەریان بریندارو چەند كەسیشیان دەستگیركردن. هەروەها پەلاماری چەندین رۆژنامەنوس و میدكاریان داو ئازاریاندان و بەشێك لە كەلوپەلەكانیان شكاندن و دەستیان بەسەردا گرت.
ئەم توندوتیژی و پەلاماردانەی هێزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەستی پێكردوە دژی خۆپیشاندەران لە شارۆچكەی عەربەت رویداوە كە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە، لەكاتێكدا یەكێتی ئەندامی سۆشیال ئینتەرناشناڵە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ جەلال تاڵەبانی، سكرتێری پێشووی یەكێتی، یەكێك بووە لە جێگرەكانی سەرۆكی سۆشیال ئینتەرناشناڵ. ئیستاش یەكێتی ئەندامە لەڕیكخراوەكەتاندا.
ئەم كردەوەیە دژی مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و ڕادەربرین و ئازادی رۆژنامەگەری و رێگەگریگرتنە لە گواستنەوەی هەواڵ و راستیەكان بۆ خەڵك و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤە، كە ڕۆژانە ئەم حزبە پێشێلی ئەو مافانە دەكەن كە ڕاگەیەندراوە.
بۆ زانیاری ئێوە ئەوەی ئەم دۆخە ناهەموارەی پێكهێناوە، هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدادن، حكومەتی هەرێم كە یەكێتی و پارتی دوو حیزبی سەرەكی پێكهێنەرین، لەگەڵ حكومەتی بەغدا، مەسەلەی موچەو بژیوی خەڵكی كوردستانیان كردۆتە كارتێكی سیاسی بۆ داسەپاندنی مەرج و ئیمتیازی سیاسی و ئابووری بەسەر یەكتردا.
بەهیچ جۆرێك هیچ لایەكیان خۆیان بە بەرپرس نازانن بەرامبەر بە دانی موچەو دابینكردنی ژیان بژیوی هاولاتیانی كوردستان، لەكاتێكدا رۆژانە سامانی ژیر زەوی و سەرزەوی كوردستان لەلایەن حكومەتی پارتی و یەكێتیەوە بەتالان دەبرێت و هاوكات چەندین باج وسەرانەشیان بەسەر خەڵكدا سەپاندوە.
سەرەتاترین مافی هەر فەرمانبەرو مامۆستایەك یٔەوەیە كە هەموو مانگێك مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا وەربگرن و ساڵانە مووچەكانیان زیاد بكات و پلەی وەزیفیان بەرزبكرێتەوە پێبەپێی ساڵەكانی خزمەتیان، بەڵام نەك موچەكانیان زیاد ناكرێت و پلەكانیان بەرزناكرێتەوە، بەڵكو مووچەی مانگانەشیان پێنادرێ و دەستی بەسەردا دەگیرێت لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە، كاتیكیش بۆ داواكردنی ئەو خواستە رەوایانەی خۆیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن ، ڕوبەرووی چەكدارەكانی پارتی و یەكێتی دەبنەوە و سەركوت دەكرێن، وەكو روداوەكەی شەوی ٢٤لەسەر ٢٥ی شوبات.
هەربۆیە داواتان لێدەكەین بەفشارهێنان بۆسەر سەركردایەتی یەكیەتی و لێپرسینەوە لەكارە سەركوتگەرەكانی لەپاڵ خەڵكی كوردستاندا ڕابوەستن و ناچاری بكەن كە دەست لەم جۆرە پێشێلكاریانە هەڵگرێ و سەرجەم دەستگیركراوەكان ئازاد بكات و كەلوپەلی رۆژنامەنوسان بگەرێنێتەوە. هاوكات ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن بەفەرمی بناسێت و گوێ بۆ داواكانی خەڵك و مامۆستا و فەرمانبەران بگڕی و وەڵامیان پێبداتەوە.
دەشتی جەمال
بەرپرسی كۆمیتەی رابەریی
ڕێكخراوی دەرەوەی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان
٢٥/٢/٢٠٢٥