موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتو، رایگەیاند، یەكێتی تەوتینی كردبو بە ئاڵا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بابچن ئێستا بەڵێنەكانیان بەرنە سەر. دەشڵێت، ئەگەر موچەی مانگی دو بەمزوانە دابەش نەكرێت، ئەگەر بەغدا لەوەدا هەڵەیەكی هەبێت حكومەتی هەرێم سەد هەڵەی هەیە.
ئاوێنە: موسەنا ئەمین، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ناوچەكە لە گۆڕانكاریدایە، كەی كاتی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی هەرێم خەڵك بە موچەوە خەریك بكەن. تاكەی حكومەت ناتوانێت كێشەیەكی وا سادە چارەسەربكات، كە یاسای بودجەو دادگا فیدراڵی كێشەكەی چارەسەر كردوە.
ئەوەشی خستەڕو، حكومەتی هەرێم (10) وەفدی ئەنارد بۆ بەغدا، تا ئێمە نەچوینە دادگای فیدراڵی 200 تا 300 ملیار دیناری پێنەدەدان، ئێستا ئامادەیە مانگانە یەك تریلیۆن دینار بنێرێت، بۆچی رێوشێنەكان جێبەجێناكەن و پاساوی دروستبونی كێشە دەدەن بە حكومەتی فیدراڵی.
ئاماژەی بەوەدا، كاتێك خەڵك ناڕەزایی دەربڕێت لە دێگەڵە بە گازی فرمێسكڕێژو، لە سلێمانیش چالاكوانان و فەرمانبەران و میدیاكاران داركاری دەكرێن.
وتیشی، یەكێتی تەوتینی كردبو بە ئاڵا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بابچن ئێستا بەڵێنەكانیان بەرنە سەر.
جەختیشی كردەوە، یەكێتی هەركاتێك داواكارییە كەسی و حزبییەكانی جێبەجێبوبێت كێشەی خەڵك مەسەلەیەك نەبوە بەلایەوە.
موسەنا ئەمین وتیشی، فشار دەخەینە سەر هەردو حكومەت بۆ ئەوەی كێشە بۆ موچەی خەڵك دروست نەكەن.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، موچەی مانگی دو بەمزوانە دابەشنەكرێت، ئەگەر بەغدا هەڵەیەكی هەبێت حكومەتی هەرێم سەد هەڵەی هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە (10) چین و توێژی جیاواز موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن لە عێراق، كە ملیۆنەها كەسن، لە هەرێمی كوردستان تەنیا كەمئەندام موچە وەردەگرێت كە (150) هەزار دینارە.