مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر كۆبونەوەو تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكەو هەماهەنگیی نێوان لایەنەكانیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق كرد.
ئاوێنە: بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کرد.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە دیدارەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و هەروەها هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق."
بەپێی ئەو وێنانەی كە بارەگای بارزانی بڵاویكردونەتەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ئامادەی كۆبونەوەكە بوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری ئەو دیدارە بو.