نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە، ناوی نانێین رێككەوتنی ستراتیژی
  2025-02-26       466       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە یەكێتی و پارتی هەوڵی جدی بدەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كارا. دەشڵێت ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە بەتەواوەتی ناوی نانێین رێككەوتنی ستراتیژی.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆڕبەندی هەولێر رایگەیاند، لە قۆناغی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتییدا، شاهیدی ئاوەدانیی و پێشكەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان بوین.

وتیشی، ئەوەی ئێستا بەتەواوەتی ناوی نانێین رێككەوتنی ستراتیژیی، بەڵام ئەساسێكی دروستی ئیداری و سیاسییە بۆ ئەوەی چۆن حوكمڕانی لەناو كوردستاندا عیلاج بكەین، كێشە ئیداریی و سیاسییەكان لەگەڵ یەكێتیی چارەسەر بكەین.

ئەوەشی خستەڕو، یەكێتی و پارتی بەبێ یەكتر هەوڵیاندا لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەی حكومەت پێكبهێنن، بەڵام ناچێتەسەر، دەبێت ئەم دو حزبە پێكەوە دابنیشن و حكومەت پێكبهێنن.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، ئێستا یەکێتی و پارتی لە هەولێر لەکۆبونەوەدان، "پێویستە هەوڵی جیدی بدەن حکومەتێکی کارا و جێی ئومێدی خەڵکی کوردستان دروست بکەن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی "ئەوەی لە عێراق هەیە مەرکەزیەتە و دورە لە فیدراڵی. مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان مەرکەزییە نەک فیدراڵی".

 لەبارەی نەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەکو کاڵای بازرگانی سەیری نەوت دەکەین نەک سیاسی، راگرتنی نەوت زیانێکی زۆری لە عێراق دا. ئێستا تورکیاش ئامادەیە و چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جەیهان و دەرەوە بکرێت".

 لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وتی، "ئەوەی سەرۆک وەزیران سودانی پێی کراوە کەمتەرخەمی نەکردوە، پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەوپەڕی شەفافیەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردوە، ئێمە تەواوکەری یەکدین لە عێراق، ناکرێت هەمو پرسەکان لە موچەدا چڕ بکرێنەوە. سەرۆکوەزیران، دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی عێراق دەبێ بەپێی دەستور مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن. چیدی نابێ ببێتە هەواڵی بەپەلە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×