ساڵح موسلیم: قسەكانی ئیدارەی دیمەشق دورن لە كردەوەكانیان
  2025-02-26       579       

ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە ئەوان بانگهێشتی "كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا" نەكراون، رایگەیاند: قسەكانی ئیدارەی دیمەشق دورن لە كردەوەكانیان. دەشڵێت، پێشبینی دەکەین لەدوای بانگەوازە چاوەڕوانكراوەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، پرۆسەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەستپێبکات.

ئاوێنە: ساڵح موسلیم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا، وتویەتی، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیستەمێک دامەزراوە کە تێیدا هەمو گەلان و ئایینەکان نوێنەرایەتی دەکرێن. وتیشی: ئەم سیستەمەی ئێمە لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەت نەتەوەكانەوە پێشوازی لێ نەكراوە. ڕژێمی بەعس دژی ئەمە بو. هەوڵماندا ئەم سیستەمەیان بۆ ڕون بکەینەوە، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەکرد و رژێمەكەیان ڕوخا. ئەوان بونی کوردیان قبوڵ نەدەکرد.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ڕژیم ڕوخا و ڕژێمێکی نوێ هات. ئەو کەسانەی دەستیان لەم ڕژێمەدا هەیە، گروپی جیهادیشن. پاشماوەی گروپەکانی وەک ئەلنوسرەو داعش کە لە ڕابردودا دژی ئێمە شەڕیان کرد و هەروەها گروپەکانی سەر بە تورکیا كە لە ناوچە داگیرکراوەکان کۆبوبونەوە. ئەوانە ئیدارەی دیمەشقیان گرتە ئەستۆ. "ئەم گروپانە هەندێک بەڵێنیان بە دەوڵەتە جیهانییەكان داوە و بانگەشەی ئەوەیان کردوە کە دیموکراسی دەبن".

ساڵح موسلیم جەختیشی كردەوە كە لە دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی ئەسەد، هێرشەکانی سەر ئیدارەی خۆسەر کۆتاییان نەهاووە و وتی: هەندێك گروپ هێرشیان کردوەتە سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر. هێشتا شەڕ بەردەوامە. تورکیا لەو ململانێیانەدا تێوەگلاوە. هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق بەردەوامن. هەوڵ دەدەن بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بپەڕنەوە. "ئەمە مەترسییە بۆ کۆبانی".

ساڵح موسلیم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان بانگهێشت نەکراون بۆ "کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی" لە دیمەشق و وتی: "کەس بانگهێشت نەکراوە". دەستەی تەحریر شام ئەو كەس و گروپانەی بانگهێشت كە پەیوەندییان لەگەڵیان هەیەو لەنێویاندا پاشماوەی گروپەکانی داعش و ئەلنوسرە هەن کە لە ڕابردودا ئێمە لەگەڵیاندا شەڕمان کردبو.

هەروەها وتوشیەتی، نوێنەری ئەو پارتە سیاسییانەی كە نوێنەرایەتی گەل دەكەن بانگهێشت نەکرابون. دەڵێن 'ئێمە بانگی سیاسەتمەدار ناکەین'، بەڵام وا نییە، ئەمە پاساوێکە.

ساڵح موسلیم وتوشیەتی، هەسەدە دامەزراوەیەکی سەربازییە، بەڵام لێرەدا دامەزراوە و دەستەی زۆر هەن. ئەگەر بە تەواوی ئیدارەی خۆسەر بەدەربكرێت، ئەوا هیچ شتێک بە باشی ناکەن. ڕەنگە تۆ هەستیاریت هەبێت بەرامبەر بە کورد، بەڵام بۆچی عەرەب و سریانییەكانی ئێرە(باكورو رۆژهەڵاتی سوریا) بانگهێشت نەکرابون؟ "ئەوان دەڵێن 'پرۆسەی گفتوگۆ گشتگیرە'، بەڵام ئەم لێدوانە دورە لە كردەوەكانیان.

ساڵح موسلیم هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیی سوەیدا باشن و وتیشی، دیموکراسیبون و خۆبەڕێوەبەریی بابەتی عەقڵین. مرۆڤ دەبێت باوەڕ بە دیموکراسی ڕادیکاڵ بکات. ئێمە توانیومانە ئەم عەقڵیەتە بگۆڕین، لە هەر کوێیەک بوبین، مرۆڤەکان توانیویانە پێکەوە بژین. هەر کەسێک بە زمان و ئیمانی خۆی لە ئیدارەی خۆسەردا دەژی. ئەم عەقڵیەتە کاریگەری لەسەر ناوچە جیاوازەکانیش هەبو، بە تایبەت لە سوەیدا. لە ساڵی 2012ەوە پەیوەندیمان لەگەڵ سوەیدا هەیە. ئێستا هەموان دەڵێن ئیدارەی ئێمە بۆ هەمو سوریا گونجاوە. لە سوەیدا خەڵک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان کۆبونەوە. ئەمە مافی ئەوانە. هەم عەلەوی و هەم ناوچەكانی دیکەش کاریگەری ئەم گۆڕانکارییە عەقڵییەیان لەسەر دەبێت. ئێمە پشتگیری لە سوەیدا دەکەین. هیوادارم نمونەی هاوشێوە لە شوێنە جیاوازەکاندا سەرهەڵبدەن وەک بەشێک لە بەرگریکردن لە خۆ.

ساڵح موسلیم لەبارەی بانگەوازە چاوەڕوانكراوەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، وتویەتی، تورکیا هەوڵدەدات ئێمە و پەکەکە وەک یەکسان پیشان بدات. ئەگەر ئۆجەلان بانگەوازەكەی بدات، هەڵوێستی تورکیاش بەرامبەر بە ئێمە دەگۆڕێت. بە ملیۆنان کورد هەن كە رێز لە ئۆجەلان دەگرن. هیوادارم دوای بانگەوازی ئۆجەلان دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی سوریا کەم ببێتەوە. بەم بانگەوازە پرۆسەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەکات. خەڵک گوێ لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەگرن. ئێمە نازانین ئۆجەلان چی دەڵێت، بەڵام دڵنیایین کە داوای چاکەی خەڵک دەکات. هەرچی بوترێ، گەلی کورد بەو قسانە کار دەکات. تا ئێستا هەرچیمان کردبێت لەچوارچێوەی پارادایمی ئۆجەلاندا کردومانە و ئەنجاممان بەدەستهێناوە. "ئێمە لێرە بەدواوە بەردەوام دەبین لەم کارە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×