ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوێنێ سێشەممە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ماركۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێگەیشتوە. نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە كردوە بەبێ ئەوەی وردەكارییەكەی بخاتەڕو.
بەڵام تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكدا لەبارەی كۆبونەوەكەوە وتی، ماركۆ رۆبیۆ و سودانی گفتوگۆیان لەبارەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان ئەمریكاو عێراق و گرنگی سەقامگیریی سەروەریی عێراق گردوە.
بەقسەی تامی بروس، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو سودانی گفتوشیان لەبارەی "دانانی سنور بۆ هەژمونی خراپی ئێران و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەگشتی گفتوگۆیان لەبارەی ناسەقامگیریی ناوچەكە كردوە."
لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتویەتی"هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی ئەوەی كە عێراق سەربەخۆیی لە بواری وزەدا بەدەستبهێنێت و بەخێرایی هێڵی بۆرییەكانی نەوتی نێوان عێراق و ئێران بكرێتەوە (بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم)، لەگەڵ پابەندبون بە مەرجەكانی گرێبەستەكانی ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانەی كە لە عێراق كاردەكەن، ئەوەش لەپێناو راكێشانی وەبەرهێنانی زیاتر."
تامی بروس وتوشیەتی، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی كردۆتەوە لەوەی كە گرنگە سوریا نەبێت پانەگەیەك بۆ تیرۆر یاخود هەڕەشە بۆ سەر دراوسێكانی. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنیان دا كە بەردەوام بن لە پرس و راوێژ لەبارەی پرسەكانی ناوچەكە و پتەوكردنی شەراكەتی ئەمنیی نێوان ئەمریكاو عێراق.