راگەیەندراوێکی بەپەلە لە ئاسایشەوە لەبارەى گرژییەکانى شەوى رابردووى عەربەت
  2025-02-25       309       

ئاسایشى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی رێگریكردن لە بارهەڵگرەكان لە شارۆچكەی عەربەت گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە و چەند شۆفێرێك و هاونیشتمانییەك برینداربوون، گرژییەكە كۆنترۆڵ كراوە و هیچ كەسێكیش دەستگیر نەكراوە.

ئاوێنە: ئاسایشى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، بەهۆکاری رێگریکردن لەلایەن مامۆستایان و هاونیشتمانییان لە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و مانەوەیان لەو شوێنەدا بۆ ماوەی دوو رۆژ، سەرئەنجام شۆفێری بارهەڵگرەکان فشاریان کرد و  هەوڵی تێپەڕبوونیاندا و بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیان، چەند شۆفێرێك و هاونیشتمانییەك برینداربوون.

روونیشكراوەتەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان وەکو لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و رێگریکردن لە تەشەنکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، رێکاری یاسایی بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و پاراستنی سەلامەتی گیانی هەر هاونیشتمانییەك کە لە شوێنی روودانی گرژی و ئاڵۆزییەکەدا بوو گیرایەبەر.

ئاسایشى هەرێمى کوردستان جەختی لەوەشكردووەتەوە، "توانرا دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت و پاش ئەنجامدانی رێکاری پیشەییانەی بەرامبەر ئەو دۆخە نەخوازراوە، له ئێستادا هيچ كەس دەستگير نەكراوه و بريندارەكانیش نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×