ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راگەیاند، سبەی سێشەممە، وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەفدی هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كۆدەبنەوە.
ئاوێنە: ئومێد سەباح، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسەر پێشنیاری حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ وەفدێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە پێکهاتبون لە بریکاری وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابوری و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکورو بەڕێوەبەر گشتی یاسایی و بەڕێوەبەری گشتی بەبازاڕکردنی نەوت و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گرێبەستە نەوتییەکان و بەڕێوەبەری نوسینگەی بریکار بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و جێگری بەڕێوەبەری کاروباری پەیوەندییەکان سەردانی هەولێریان کرد .
ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیار وایە سبەی سێشەممە، لە ئەنجومەنی وەزیران کۆبونەوەیەکی تایبەت لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لە نێوان هەردولا ئەنجام بدرێت.
وتوشیەتی، ئەم کۆبونەوەیە لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستانە سەبارەت بەم پرسە بۆ ئەوەی تێیدا ڕێکار و میکانیزمەکانی دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بكرێن و پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە.