قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە هەوڵی چارەسەركردنی یەكجاری كێشەی زەوی و زاری جوتیارانی كورد لە كەركوك دەدەن و دەشڵێت، پێداگری دەکەین لەسەر سزادانی یاسایی سەرپێچیکاران و ئەوانەشی فەرمانیان داوە بە بەکارهێنانی سوپا لە دژی جوتیارانی کورد.
ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، ئەمشەو دوشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"هێشتا مانگێک بەسەر پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە تێپەڕ نەبوە کەچی پێچەوانەی دەستور و یاسا سوپا بەکاردەهێنرێت لە دژی خاوەنە رەسەنەکانی زەویوزاری سەرگەڕان."
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتوشیەتی"ئێمە هەمیشە کارمان کردوەو هاندەربوین بۆ بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان لە کەرکوک، بەکارهێنانی سوپاو رەفتاری لەم شێوەیە هەنگاوێکی مەترسیدارەو بەردەوامیی پێشێلکاری لەم چەشنە داهاتوی پێکەوەژیان دەخاتە مەترسییەوە."
جەختیشی كردۆتەوە "بەتەواوی پشتگیری جوتیاران دەکەین و بە هاوکاری هەمو لایەنەکان لە کەرکوک هەوڵی چارەسەرکردنی یەکجاری ئەم کێشەیە دەدەین و پێداگری دەکەین لەسەر سزادانی یاسایی سەرپێچیکاران و ئەوانەشی فەرمانیان داوە بە بەکارهێنانی سوپا لە دژی جوتیارانی کورد."