یەكێتی داوا لە حكومەتی عێراق دەكات رێگە لە دەستوەردانەكانی سوپا بەرامبەر بە جوتیارانی كورد بگرێت
  2025-02-17       257       

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات رێگا لە دەستتێوەردانەکانی سوپا بگرێت لە کەیسی زەویوزاری دێهاتەکانی کەرکوک و دەوروبەری و فەرمان بە یەکەکانی سوپای وڵات بکات پابەندی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و دەستوری خۆیان بن لە دەستوەرنەدان لە گرفتە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵگەی عێراقی و پێکهاتەکانی.

ئاوێنە: مەكتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئیشی سوپا نییە بەشێک بێت لە گرفتە ناوخۆییەکان و چارەسەری ململانێکانی زەویوزار و موڵکداریش هەرگیز بە بەکارهێنانی ناڕەوای هێز و پەلاماردانی هاوڵاتیان سەرناگرێت و رێگا دروستەکەی چارەسەری ناکۆکی لەسەر موڵکوماڵ نییە.

جەختیشی كردۆتەوە "لایەنگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەتایبەتیش سوپا کە ئەرکی پاراستنی سنورەکانی وڵاتە، بۆ هەر لایەنێک لە هەر ململانێیەکی ناوخۆییدا پێشینەیەکی مەترسیدارەو پێشێلکردنی دەستوری وڵاتیشە، هەروەک پێشێلکردنی یاسا پەسەندکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە کە تازەکیی بڕیارەکانی رژێمی پێشوی بەعسی لەسەر موڵک و زەویوزاری جوتیاران هەڵوەشاندۆتەوە."

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژەی بەوەشداوە "پێمان وایە دیاردەی خۆهەڵقورتاندنی هێزەکانی سوپای لە کێشەی زەویوزار لە ناوچەیەکی هەستیاری وەکو ناوچە دابڕاوەکانی کەرکوک هیچ ژینگەیەکی تەندروست بۆ بەرقەرارکردنی یاسا و دەستور دابین ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتریشی  دەکات."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەرکی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیئتلافیشە رونتر ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانیی و دەستورییە بگرێتە ئەستۆ و بە هیممەتتر لەسەری بێتە جواب."

دەقی راگەیەندراوەكە:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە حکومەتی ئیتحادی دەکات رێگا لە دەستتێوەردانەکانی هێزەکانی سوپا بگرێت لە کەیسی زەویوزاری دێهاتەکانی کەرکوک و دەوروبەری و فەرمان بە یەکەکانی سوپای وڵات بکات پابەندی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و دەستوری خۆی بێت لە دەستوەرنەدان لە گرفتە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵگەی عیراقی و پێکهاتەکانی.

یەکێتیی نیشتمانیی پێی وایە ئیشی سوپا نییە بەشێک بێت لە گرفتە ناوخۆییەکان و چارەسەری ململانێکانی زەویوزارو موڵکداریش هەرگیز بە بەکارهێنانی ناڕەوای هێز و پەلاماردانی هاوڵاتیان سەرناگرێت و رێگا دروستەکەی چارەسەری ناکۆکی لەسەر موڵکوماڵ نییە. چونکە لایەنگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەتایبەتیش سوپا کە ئەرکی پاراستنی سنورەکانی وڵاتە، بۆ هەر لایەنێک لە هەر ململانێیەکی ناوخۆییدا پێشینەیەکی مەترسیدارە و پێشێلکردنی دەستوری وڵاتیشە، هەروەک پێشێلکردنی یاسا پەسەندکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە کە تازەکیی بڕیارەکانی رژێمی پێشوی بەعسی لەسەر موڵک و زەویوزاری جوتیاران هەڵوەشاندۆتەوە.

ئێمە پێمان وایە دیاردەی خۆهەڵقورتاندنی هێزەکانی سوپای لە کێشەی زەویوزار لە ناوچەیەکی هەستیاری وەکو ناوچە دابڕاوەکانی کەرکوک هیچ ژینگەیەکی تەندروست بۆ بەرقەرارکردنی یاسا و دەستور دابین ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتریشی دەکات. ئەرکی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیئتلافیشە رونتر ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانیی و دەستورییە بگرێتە ئەستۆ و بە هیممەتتر لەسەری بێتە جواب.

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

١٧-٢-٢٠٢٥

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×