نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەریان سوڕماوە لە لێدوانەكانی ئەیاد عەلاوی لەبارەی بونی بارەگای حزبی بەعس لە هەولێر. دەشڵێت، پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕن.
ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراق وتویەتی"بەڕاشكاوی لێدوانەكانی ئەیاد عەلاوی جۆرێك لە هەڵەتێگەیشتنن و ئێمە زۆر سەرمان سوڕمانەوە لەو جۆرە لێدوانانە."
سەرۆكی هەرێم جەختیشی كردۆتەوە "حزبی بەعس، بەپێی دەستوری عێراق كە ئێمە پابەندین پێوەی، حزبێكی هەڵوەشاوەیە، هەر چالاكییەكی فیكری و ریكخراوەیی ئەو حزبە قەدەغەیە لە هەر ناوچەیەكی عێراق بێت لەنێویشیاندا هەرێمی كوردستان."
نێچیرڤان بارزانی وتوشیەتی"ئەو جۆرە لێدوانانە هیچ بنەمایەكی راستییان تێدا نییەو بەتەواوەتی رەتیان دەكەینەوە."
پێشتریش بارەگای بارزانی لێدوانەكانی ئەیاد عەلاوی رەتكردنەوە. هەروەها نوسینگەی راگەیاندنی ئەیاد عەلاوی-ش وتبوی، عەلاوی مەبەستی رەتكردنەوەی ئەو هەواڵانە بوە كە باس لە كردنەوەی بارەگای بەعس لە هەرێم دەكەن، بەڵام قرتاندنی لێدوانەكانی بۆتە مایەی خراپ لێكدانەوەین.
سەرۆكی هەرێم لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وتویەتی"پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا زۆر باشن، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بەردەوام بەڕۆحێكی هاوكاری و رێزگرتنی هاوبەشەوە، لە هەوڵدایە بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردولا." وتوشیەتی "ئێمە خۆمان وەك دو تیمی جیاواز نابینین، بەڵكو وەك یەك تیم كاردەكەین."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، سەرجەم ناكۆكییەكان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەكرێن. وتوشیەتی، سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان لە هەرێم بەهۆی پشتیوانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و دادگای فیدراڵییەوە بوە.
ئەوەشی وتوە"لە هەندێك وێستگەدا ئێمە پێویستمان بە پشتیوانی بەغدایە، هەروەك بەغداش پێویستی بە پشتیوانی ئێمە هەیە، ئێمە شەریكین لە بونیادنانی عێراق."
نیچیرڤان بارزانی جەختیشی كردۆتەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر بەغدا بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕن.