مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، هەڵسوكەوتەكانی سوپای عێراق بەرامبەر بە جوتیارانی كورد لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان، پێچەوانەی یاساو دەستور و یاسان و پێویستە هەرچی زوترە كۆتایی بەو هەڵسوكەوتانە بهێنرێت.
ئاوێنە: نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەوروبەری کەرکوک و بەتایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکوک، رێگری لە جوتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان."
وتوشیەتی"ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچون هەبوە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی رژێمی پێشو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردو، پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد."
نوسینگەی سەرۆكی حكومەت جەختی كردۆتەوە كە "ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستورو ئەو بنەمایانەن کە عێراقی نوێیان لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستورەو پێویستە هەرچی زوترە، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتاییان پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە."