شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستوەردانی كردوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە رێگرییەكانی سوپای عێراق لە جوتیارانی كورد بۆ كێڵانی زەوییەكانیان لە سنوری كەركوك بهێنرێت.
ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجامداوە بۆ دو بابەت كە یەكەمیان گرژییەكانی سنوری سەرگەڕان و بەردەوامی رێگرییەکانی سوپا لەجوتیارە کوردەکان بۆ كێڵانی زەوییەكانیان.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستۆتەڕو، دۆخی سنورەکەم لەگەڵ سودانی باسکردو داوام کرد کۆتایی بەو رێگرییانە بهێنێت.
وتوشیەتی، بەسوپاسەوە فەریق عەبدولكەریم، راوێژکاری سەربازی راسپارد بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەو گرفتانە بهێنیت، دواتریش لەگەڵ فەریق عەبدولکەریم قسەم کردو بەڵینی دا بەپەلە تەدەخول بکات.
لەبارەی بابەتی دوەمیش، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتویەتی، بەداخەوە پۆستی بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی کەرکوک درایە پەرلەمانتار وەسفی عاسی و کەسێک دانرا کە تەنانەت وەسفی وەزیفیشی لەگەڵ پۆستەکەی ناگونجێت، ئەمە لەکاتێکدا هەفتەی رابردو لەگەڵ پارێزگاری كەركوك قسەم کرد و بەڵێنیدا ئەو بابەتە رابگرێت و تەنانەت وتی، ئەو کاندیدەم رەتکردوەتەوە.
وتیشی، هەروەها لەگەڵ خالد شوانی قسەم کرد بەهەمان شێوە بەڵێنی دا رێگە بەو بابەتە نەدەن، بەڵام بەداخەوە نازانم لەژێر چی فشارێک ئەمەیان کرد كە زیانی گەورە بە جوتیارانی ئێمە دەگەیەنێت بەتایبەتی لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆژە یاسای پوچەڵکردنەوەی بریارەکانی بەعسی لەناو چو.