2025-02-17   261     
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەر سزایەکی دارایی لەلایەن ئەمەریکاوە دەربچێت، حکوومەتی عێراق دەبێت ڕاستەوخۆ پابەندی بێت و جێبەجێی بکات و ئەمەریکا ڕژدە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکانی عێراق، هەر بۆیە ئەگەر هەیە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن ئاڵۆزتر بێت.
ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵڵا کە بەسەردان لە واشنتنە بەمیدیای نزیک لەپارتی گوتوە، هەر سزایەکی دارایی ئەمەریکا دەری بکات، لە عێراق %100 جێبەجێ دەکرێت، چونکە ڕوون و ئاشکرایە هێشتا عێراق مامەمەڵە بە دۆلاری ئەمەریکییەوە دەکات و ئەو نەوتەشی دەیفرۆشێت پارەکەی لە ئەمەریکاوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، هەربۆیە حکوومەتی عێراق ناتوانێت هیچ بڕیارێکی دارایی ئەمەریکا جێبەجێ نەکات.
دەشڵێت، بڕیارە داراییەکانی ئەمەریکا بەشێوەیەک کاریگەرن، یەكێک لە پەرلەمانتارەکانی عێراق لە لیستی سزادراوانی ئەمەریکادا بوو، پەرلەمان نەیتوانیوە مووچەکەی خەرج بکات، ئەمەش مانای ئەوەی هەر سزایەکی ئەمەریکا، عێراق دەبێت ڕاستەوخۆ جێبەجێ بکرێت.
هەروەها شاخەوان عەبدوڵا ڕونیکردەوە، سەرکردەی گرووپە میلیشیاکان لە کۆبوونەوە سیاسییەکاندا بە ڕاشکاوانە، نیگەرانی و ڕەشبینی خۆیان بە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەردەبڕن، هەربۆیە دڵنیاین لەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق ئاڵۆزتر دەبن.