نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان ئەمڕۆ دوشەممە جێگیر بو، دوای زنجیرەیەک دابەزین، کاریگەری لەسەر ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، کە دەبێتە هۆی زیادبونی خستنەڕوی نەوتی ڕوسیا، هەروەها چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، کە دەبێتە هۆی زیادبونی خستنەڕوی جیهانی.
ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نرخی نەوتی خاوی برێنت حەوت سەنت بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 74 دۆلار و 81 سەنت، هاوکات نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکیش هەر بەرمیلێک بە 70 دۆلار و 75 سەنت ماوەتەوە و بازاڕیش بەردەوام بوە لە چاودێریکردنی پێشکەوتنی دانوستانەکانی ئاشتی، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئیدارەکەی ڕایانگەیاند، کە گفتوگۆیان لەگەڵ ڕوسیا دەستپێکردوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.
بەو پێیە ئەگەر ئەو دانوستانە چارەسەری لێبکەوێتەوە، بەرمیلێکی زیاتری ڕوسیا دەچێتە بازاڕی جیهانییەوە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت دەبێت.
دەزگا گەورەکانی پێشکەشکردنی پێشبینییەکانی نەوتی جیهانی هەفتەی ڕابردو ڕایانگەیاندبو، لەمساڵدا بهرههمهێنانی نهوت زیاد دهكات، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستانیش دوێنێ ئاماژەی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی داهاتودا كرد.
نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگ-ی ئەمریکی باسی لهوهكرد، هەمو شتێك ئامادەیە بۆ ئەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت و پێشبینییش دەكات کۆتایی مانگی داهاتو هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، دەشڵێت، "لەچەند ڕۆژی داهاتودا لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لە هەولێر گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە دەكەین و ئەوەش دەبێتە نەخشە ڕێگەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم".