وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم كۆبوەوە. وەزیری دارایی دەڵێت، دەرگای وەزارەتی دامەزراوەكان بەردەوام كراوەن بۆ تیمەكانی چاودێری دارایی بۆ ئەوەی لەنزیكترین كاتدا راپۆرتی خۆیان لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوی هەرێم ئامادەبكەن.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی پێشوازیکرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبون لە فەریق سڵێمان بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و د. حەیدەر خالخال و د. عەلی خزەیر، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ.
ئاماژە بەوەشدراوە، لەدیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا کە بڕیارە ڕاپۆرتێک لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە ئامادە بکەن.
ئاوات شێخ جەناب، ئامادەیی وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دوپات کردەوەو ڕایگەیاند، دەرگای وەزارەت و دامەزراوەکان بەردەوام کراوەیە بۆ تیمەکان تا بتوانن لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لای خۆشیانەوە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی "سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگییەکانی وەزیری داراییان کرد کە هەمیشە هاوکار بوە لەماوەی ڕابردودا بۆ ئەوەی کارەکان بەباشی بەڕێوەبچن، دەرئەنجامی ئەو هەوڵانەش وایکردوە تێبینییەکانی تیمەکان لەسەر ڕاپۆرتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە."