وەزیری دارایی هەرێم: بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم موچە بۆ ساڵی 2025 چارەسەر بون
  2025-02-16       277       

وەزیری دارایی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم موچە بۆ ساڵی 2025 چارەسەر بون. كونسوڵی ئێرانیش دەڵێت، وڵاتەكەی رۆڵی ئەرێنی دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازیکرد لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەولێر.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە دیدارەکدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر خۆشحاڵی خۆی بە ڕێکكەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر موچە دەربڕی و ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی ئەرێنی دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو ڕێكکەوتنەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کراوە بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم موچە بۆ ساڵی 2025 چارەسەر بون و ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت کار لەسەر سەرپێخستنەوەی  پڕۆژەکان بکات و شایستەی داراییان بۆ دابین بکات.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەبەشێکی تری دیدارەکەدا کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر چەند داواکارییەکی لەسەر کێشە و شایستەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان خستەڕو کە پڕۆژەی جیاوازیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە، لای خۆیەوە وەزیری دارایی ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردودا لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ڕاسپاردوە کە کارئاسانی تەواو بۆ ڕاییکردنی کاری ئەو کۆمپانیایانە بکەن و بەپێی توانا کار لەسەر خەرجکردنی شایستەکانیان بکەن بەچەند قۆناغێک.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×