ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، سیستەمێكی ئابوری وێرانەمان لە رژێمی پێشوەوە بۆ بەجێماوە پێویستە پاڵپشتی لە سوریای نوێ بكرێت و یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا قایل بكرێن بە هەڵگرتنی سزاكان كە بەهۆی ڕژێمی پێشوەوە بەسەر سوریادا سەپێندراوە، دەشڵێت، "پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە و بانگهێشتی فەرمیم پێگەیشتوە، بەمزوانە لە بەغداد دەبم".
ئاوێنە: ئەسعەد شەیبانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانەی بەشداریكردنی لە لوتكهی جیهانی حكومهتهكان لە دوبەی ڕایگەیاند، سیستەمێكی ئابوری وێرانەمان لە رژێمی پێشوەوە بۆ بەجێماوە، ئەم ئاڵنگارییەش پەیوەستە بەو سزایانەی كە بەهۆی رژێمی لەناوچوەوە بەسەر سوریادا سەپێندرابون، لەگەڵ لەناوچونی رژێمدا دەبێت سزاكانیش لاببرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە پاڵپشتی لە سوریای نوێ بكرێت و یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا قایل بكرێن بە هەڵگرتنی سزاكان كە بەهۆی ڕژێمی پێشوەوە بەسەر سوریادا سەپێندراوە".
وەزیری دەرەوەی سوریا باسی لەوەشكرد، "حكومەتی ئایندە، نوێنەری سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا دەبێت و متمانەمان بە تواناكانی گەلی سوریا هەیەو باوەڕمان بە سەرجەم پێكهاتەكانی هەیە، گەلی سوریا بۆ ماوەی هەزاران ساڵ پێكەوە ژیاون و دەستوریش هەموان بەڕێوەدەبات".
لەبارەی پەیوەندیەكانی سوریا و عێراقەوە، وتی، "پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە و جگە لە ڕێز و دۆستایەتی هیچی ترمان نییە بۆیان، بانگهێشتی فەرمیم پێگەیشتوە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكەم و بەمزوانە لە بەغداد دەبم".
ئەوەشی خستەڕو، پەیوەندییان لەگەڵ ئوردن زۆر باشە، چونكە كۆتاییان بەو هەڕەشانە هێناوە كە پێشتر لە سوریاوە ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەكرا.