دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینیەکانی سەبارەت بە بارودۆخی کەشوهەوا بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
ئاوێنە: بەگوێرەی نوێترین پێشبینیی دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، کەشوهەوا لە هەرێم بەگشتی جێگیر و هاوشێوەی دوێنێ یەکشەممە دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی عێراق بەرزدەبنەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی سێشەممە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە ناوچەکانی باشووری عێراق نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری بارانبارینیش لە ناوچەکانی ناوەڕاست هەیە، هاوکات لە هەرێمیش، ئەگەری بەفر و بارانبارین هەیە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمیش پێشبینیی کردووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەگشتی نزیکدەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، تەنیا ناوچە شاخاوییەکان نەبێت کە کەمێک نزمدەبێتەوە بە (2 -3) پلە.
لەبارەی کەشی سبەی سێشەممەشەوە، کەشناسیی هەرێم دەڵێت، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی ئەگەری کەمێک دابارینی نمەباران و بەفر هەیە لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم، پاشان کاریگەریی درێژدەبێتەوە تاکو کاتەکانی شەو بۆ ناوچە شاخاوییە سنووریەکان و زیاتر ناوچەکانی بادینان بەشێوەی نمەباران و بڕێکی کەم لە بەفر.