میترۆ: ئەم شەپۆلی توندوتیژییەی ئەمڕۆ بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئیدانە دەكەین
  2025-02-09       259       

سەنتەری متیرۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئدیانەی ئەو شەپۆلی توندوتیژییەی ئەمڕۆ دەكەن كە بەرامبەر رۆژنامەنوسان و كەناڵەكان ئەنجامدراوە كە لەگەڵ هیچ یاسایەكی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كە ئازادی رۆژنامەنوسی دەپارێزێت ناگونجێ.

ئاوێنە: سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بە توندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر نوسینگەی كەناڵی كەی ئێن ئێن و دەستگیكردنی تیمی رۆژنامەوانی پۆلەتیك دەكەین.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ دەیان پێشێلكاری جۆراجۆر رویانداوە لەوانەش رێگەنەدان بە گەڕانەی تیمەكانی میدیایی شاری هەولێر كە بۆ روماڵ هاتبونە دێگەڵە.

سەنتەری میترۆ وتوشیەتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی نەناسراو بەناوی ئاسایشی هەولێر و بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمۆبێلی بێژمارە، هەڵیانكوتاوەتە سەر نوسینگەی كەناڵی KNN لە هەولێر و دوای ئەوەی دەستیان گرتوە بەسەر كامێرا و مۆبایلی كارمەندەكانمان، سویچ و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكانیان لێوەرگرتون و بەشێك لە وێنە و ڤیدیۆی تۆماركراوی ناو مۆبایلەكانیان سڕیوەتەوە، دواتر هێزە نەناسراوەكە نوسینگەكەیان بەجێهێشتوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ د. سەربەست حسێن، سەرنوسەری دەزگای میدیایی پۆلەتیك پرێس بە سەنتەری میترۆی راگەیاندوە، تیمێكیان (تەمەن رەواندوزی و نەبی مەلیك فەیسەڵ) كە لەكاتی پەخشی راستەوخۆبون لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە پەلاماردراون و دەستبەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمەكەیاندا گیراوەو وتی"بە پێی بەدواداچونمان تیمەكە لە ئاسایشی گوندی كۆری دەستبەسەرن و پەیوەندیمان لەگەڵیاندا پچڕاوە."

هەروەها نەبەز رەشاد پەیامنێری بوار بە میترۆی وتوە"چەندین تیمی میدیایی كە لە هەولێرەوە هاتبوینە دێگەڵە بۆ روماڵكردن ناهێڵن بچینەوە هەولێر" .

سەنتەری میترۆ هێمای بۆ ئەوە كردوە، ئەم شەپۆلە لە توندوتیژییەی ئەمڕۆ كاری رۆژنامەنوسانی قورسكرد، بە توندی ئیدانەی دەكەین و لەگەڵ هیچ یاسایەكی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كە ئازادی رۆژنامەنوسی دەپارێزێت ناگونجێ.

هەروەها سەنتەرەكە داوای كردوە هێزە ئەمنییەكانی بازگەی دێگەڵە رێگە خۆشبكەن تا تیمەكانی رۆژنامەنوسانی هەولێر، بگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×