دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركردوە كە ئەو تۆمەتبارەیان دەستیگركردوە كە پاش ئەوەی لەگەڵ شۆفێرێكی دیكەدا لەسەر رێگای پێنجوێن-سلێمانی بۆتە شەڕیان، بەچەقۆ شۆفێرەكەی دیكەی برینداركردوە، پاشان بە ئۆتۆمبێل دوای كەوتوەو ئۆتۆمبێلی شۆفێرەكەی دیكە وەرگەڕاوەو بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی.
ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، شەوی 5ی ئەم مانگە، ڕوداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی خێزانێک لەسەر ڕێگای سلێمانی-پێنجوێن بوە هۆی گیانلەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەو برینداربونی یەکێک لە سەرنشینانی.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوای ئەوە دەستبەجێ دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستیکرد بە بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ڕودانی ڕوداوەکە، سەرئەنجام دەرکەوت هۆکاری ڕوداوەکە دروستبونی شەڕو دەمەقاڵێ بوە لەنێوان دو شۆفێر لەناحیەی ناڵپارێز، یەکێک لەشۆفێرەکان بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر شۆفێری بەرامبەری و برینداری دەکات و دواتر شوێنی دەکەوێت، دەبێتە هۆی وەرگەڕانی و گیانلەدەستدانی شۆفێرەکە و برینداربونی یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە و دواتر تۆمەتباری ڕوداوەکە هەڵات.
ئاسایش وتوشیەتی، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕوداوەکە کرا و تۆمەتباری ڕوداوەکە دەستنیشانکرا، تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کرد و ڕوبەڕوی یاسا کرایەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەئێستادا تۆمەتباری ڕوداوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەی بەردەوامە.