تاڵیبان هەڵیکوتایە سەر ڕادیۆیەک و دەستی بەسەر کەلوپەلەکانی ڕۆژنامەنووسانی ژندا گرت
  2025-02-06       282       

ڕادیۆی بیگۆمی ئەفغانستان بڵاوی کردەوە، ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی هەواڵگری و کارمەندانی وەزارەتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری کەلوپەلەکانی رۆژنامەنووسانی ژنانیان بردووە، دەشڵێن، تاڵیبان ئازادی ڕادەربڕینیان سەرکوت کردووە و ئازادی زانیارییان سنووردار کردووە.

ئاوێنە: ڕادیۆی بیگۆمی ئەفغانستان لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی ڕۆژنامەنووسانی ڕادیۆکە بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو. لە هەمان کاتدا ڕێکخراوی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان هۆشداری دەدات.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی هەواڵگری و کارمەندانی وەزارەتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری تاڵیبان هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی ڕادیۆ بیگۆم لە کابول و دوو کارمەندی پیاویان دەستبەسەر کرد و کۆمپیوتەر، هارد دیسک، بەڵگەنامە و مۆبایلەکانی ڕۆژنامەنووسانی ژنانیان برد.

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕادیۆکە داوا لە تاڵیبان دەکات بە زووترین کات کارمەندەکانیان ئازاد بکەن، کە کار لەسەر پەروەردە کردنی کچان و ژنانی ئەفغانستان دەکەن و هەرگیز بەشدارییان لە چالاکی سیاسیدا نەکردووە.

هاوکات ڕێکخراوی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان هۆشداری دەدات تاڵیبان ئازادی ڕادەربڕینیان سەرکوت کردووە و ئازادی زانیارییان سنووردار کردووە. ئەو جۆرە کارانە بە نیشانەی بەردەوامی گوشارەکان بۆ سەر میدیای سەربەخۆ و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازیەکان لە وڵاتەکەدا دادەنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×