دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڵاوی كردەوە، بڕیاری ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی، باری كەسی و گەڕانەوەی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان بەپێی بڕگەكانی ماددەی ٩٤ـی دەستووری كۆماری عێراق لە ساڵی (٢٠٠٥) دراوە، بڕیارەكانی دادگاش كۆتایین و پێویستە سەرجەم دەسەڵاتەكان پایەندبن پێوەی.
ئاوێنە: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی، باری كەسی و گەڕانەوەی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان هاتە دەنگ و بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بڕیاری ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی، باری كەسی و گەڕانەوەی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان بەپێی بڕگەكانی ماددەی ٩٤ـی دەستووری كۆماری عێراق لە ساڵی (٢٠٠٥) دراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەقی ئاماژەپێكراو هەموو بڕیارەكان لەخۆ دەگرێت بە فەرمانی وەلائیشە و ئەم دەقە پارێزبەندی لەسەر هەموو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی داناوە بۆ تانەلێدان.
ڕۆژی 4ـی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی فەرمانێكی “وەلائی” دەركرد و بڕیاریدا بە ڕاگرتنی جێبەجێكردنی یاساكانی لێبوردنی گشتی و باری كەسی و گەڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان، ئەمەش ناڕازایەتی لای هاوڵاتیانی سوننە درووستكرد.
ئەوەش ناڕەزایەتی لایەنە سوونییەكانی لێكەوتەوە و حەلبووسی داوای كرد، لە پارێزگا سونییەكان دوام ڕابگیرێت و خۆپیشاندانی فراون ئەنجام بدرێت، دوای داواكارییەكەی حەلبووسی بۆ ڕاگرتنی دەوامی فەرمی هەرێكە لە پارێزگاكانی (كەركووك، مووسڵ، ئەنبار و سەڵاحەدین) بایكۆتی دەوامیان كرد، بەڵام پەروەردەی كەركووك ڕەتیكردەوە، بایكۆتی دەوام بكات.