کۆمپانیای دانە غاز، لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی شەوی رابردوو بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر رایدەگەیەنێت، بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.
ئاوێنە: کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هێرشە درۆنییەکەی شەوی رابردوو زیانی بە کارمەندان و بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە نەگەیاندووە.
دەشڵێت، “رێکاری ئەمنی بۆ سەلامەتیی هەموو کارمەندان گیراوەتەبەر و لەگەڵ دامودەزگاکان لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی سەلامەت بەردەوام بێت”.
شەوی رابردوو، هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ و کۆمپانیای دانە غاز، یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی وەبەرهێنان لەو کێڵگەیەدا دەکەن.