ڕۆژنامەی "جورزەلیم پۆست"ـی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە، عێراق بەهەموو توانایەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پارە و پوولێكی زۆری داوەتە حزبوڵا و بەمەش ئەو حزبە توانی هێرشی چڕ بكاتە سەر ئیسرائیل.
ئاوێنە: ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەش داوە، ئێران ڕاستەوخۆ پێوەندیی لەگەڵ حزبوڵڵا هەیە و هاوكاری دەكات، بەڵام بەمدواییانە ژمارەیەك گرووپی چەكداری عێراقیش دەستیان كردووە بە ناردنی هاوكاریی سەربازی و دارایی بۆ حزبوڵای لبنانی، قسەكانی نەعیم قاسم ئەمینداری حزبوڵاش گەواهی ئەم ڕاستییە دەدات.
عێراق نەیشاردووەتەوە نەك هاوكاری حزبوڵای كردووە، بەڵكو هاوكاری حەماسیشی لە فەلەستین كردووە، ئەمەش بەگوتەی سەرچاوە میدیاییەكان كە لەناو گرووپە چەكدارەكانەوە دزەی كردووە، ئەوان گوتوویانە ئێمە رێگەمان هەبوایە خۆشمان راستەوخۆ بەشداریی شەڕمان دژی ئیسرائیل دەكرد.