نوێنەری عێراق لە رێكخراوی ئۆپیك رایگەیاند، لەدوای ئاگركەوتنەوەكەی رۆژی هەینی رابردو لە كێڵگەی رومەیلە لە بەسرە، بەرهەمهێنان لە كێڵگەكە نزیكەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.
ئاوێنە: محەمەد نەجاڕ، نوێنەری عێراق لە رێكخراوی ئۆپیك، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لیدوانێكدا بۆ پێگەی بلومبێرگ راشیگەیاندوە، هێشتا هیچ وادەیەكی دیاریكراو نییە بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی كە نزیكەی 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.
رۆژی هەینی رابردو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لەدوای چەند سەعاتێك، تیمەكان توانیویانە ئەو ئاگرە بەتەواوەتی كۆنترۆڵ بكەن كە لە كۆگای ژمارە 2ی وێستگەی DS5 لە كێڵگەی رومەیلەی باكور كەوتبوەوە.
كێڵگەی رومەیلە لە بەسرە بە یەكێك لە كێڵگە گەورەكانی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت كە لەلایەن عێراق و كۆمپانیای بی پی بەریتانی و كۆمپانیای پیترۆچاینا-وە بەڕێوەدەبرێت و پلانی ئەوە هەیە كە بەرهەمهێنان لەو كێڵگەیە تاوەكو كۆتایی گرێبەستی دو كۆمپانیاكە لەگەڵ عێراق بگەیەندرێتە زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.