محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆبونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی پێشهاتەكانی ناوچەكەو روداوەكانی سوریا دەكەن و سودانی دوپاتیدەكاتەوە كە عێراق پشتیوانی لە سەقامگیری سوریا دەكات و جەختیش لەسەر جێبەجێكردنی ئەو یاداشتی لێكتیگەیشتنانە دەكاتەوە كە لەنێوان بەغداو ئەنقەرە ئیمزاكراون.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سودانی لە بەغدا پێشوازی كردوە لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیاو لە كۆبونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان بەغداو ئەنقەرە كراوەو گفتوگۆش لەسەر ئەو پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە كراوە كە جێی بایەخی هاوبەشن بەتایبەت پێشهاتەكانی ناوچەكەو روداوەكانی سوریا.
هەروەها تاوتوێی پێشهاتەكانی سوریاو غەززەو لوبنان كراوەو جەخت لە گرنگی پابەندبون بە ئاگربەست كراوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە گرنگی یەكخستنی هەوڵەكانی وڵاتانی ناوچەكە كراوەتەوە لەپیناو پشتیوانیكردنی سەقامگیری ناوچەكەو لەوبارەیەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەختی لە پابەندیی وڵاتەكەی بۆ هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ناوچەكە كردۆتەوە بەتایبەت هەماهەنگیكردن لەگەڵ توركیا لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكەو دوپاتیشیكردۆتەوە كە عێراق رەتیدەكاتەوە سوریا ببێتە گۆڕەپانی شەڕو كاردەكات بۆ پتەوكردنی سەقامگیری لەو وڵاتە تاوەكو رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی ناوچەكە هەبێت.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی لەبارەی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ توركیا، رایگەیاندوە كە حكومەتی عێراق بەدواداچون بۆ دۆسیەی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان و جێبەجێكردنی ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنانە دەكات كە لەنێوان هەردو وڵات ئیمزاكراون ئەوەش لە سایەی سەردانەكەی مانگی تشرینی دوەمی سودانی بۆ توركیاو سەردانەكەی مانگی نیسانی ساڵی رابردوی ئەردۆغان بۆ بەغدا.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لای خۆیەوە هاكان فیدان خواستی وڵاتەكەی بۆ هاریكاریی پتەو لەگەڵ عێراق دەربڕیوە لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكەو هەروەك ئاماژەی بە خواستی وڵاتەكەیشی داوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هاریكاری لە پەیوەندییە دوقۆڵییەكان.
هاكان فیدان لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا جەختی لەسەر جدیبونی وڵاتەكەی كردۆتەوە لە كاركردن لەسەر پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" و هەروەها جەختیشی لەسەر هاریكاریی هاوبەشی نێوان بەغداو ئەنقەرە كردۆتەوە لە سایەی ئەو لێكتێگەیشتانەی كە ئیمزاكراون لە بوارەكانی وزە، خوێندن، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هاریكاریی بانكی و بوارەكانی دیكەدا.