وه‌زاره‌تى دارایی بۆ یه‌كه‌مجار ژماره‌یه‌كى جیاوازى فه‌رمانبه‌رانى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكراده‌كات‌
  2025-01-28       542       

وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم بۆ یه‌كه‌مجار ژماره‌یه‌كى جیاوازى فه‌رمانبه‌رانى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی‌و سەربازیی، لەلیستی موچە نزیکەی 702 هەزار کەسە".

ئاوێنە: پێشتر هاوڕێ كه‌مال ڕاوێژكار له‌وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ڕایگه‌یاندبوو، ئه‌و موچه‌خۆرانه‌ى فه‌رمانبه‌رن له‌دامو ده‌زگاكانى هه‌رێم ته‌نها 658 هه‌زارو 189 فه‌رمانبه‌رن، به‌ڵام زیاتر له‌ملیۆنێك كه‌س موچه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ به‌شێكیان له‌چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و به‌شێكیش وه‌ك خانه‌نشین‌و به‌شێكى دیكه‌ش وه‌ك شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان موچه‌ وه‌رده‌گرن، به‌وپێیه‌بێت نیوه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم فه‌رمانبه‌ر نین.

حكومه‌تى هه‌رێمیش پێشتر ئاشكرایكردبوو، ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى بریتییه‌ له‌ملیۆنێك‌و 200 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر، به‌ڵام نوێترین ڕاگه‌یه‌نراوى وه‌زاره‌تى دارایی ئامارێكى دیكه‌ى خستوه‌ته‌ڕوو كه‌ ژماره‌كه‌ زۆر جیاوازه‌و زۆر كه‌متره‌ له‌و ژماره‌یه‌.

وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هه‌رێم ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ڵامى دیدارى په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتیدا كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، نزیکەی 750 هەزار ناوی هاوردەی دوبارەو مردوو لەلیستی موچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی موچەیە.

وه‌زاره‌تى دارایی ڕایگه‌یاندوه‌، "میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی‌و سەربازیشه‌وه‌ لەلیستی موچە نزیکەی 702 هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو 750 هەزار ناوی دوبارەو مردوە لەکوێ جێکراوەتەوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو هەرچی داواکاری‌و تێبینی وەزارەتی دارایی عێراق هەبوە لەسەر لیستی موچە چارەسەریان کردوە، ئەو داتاو زانیاریانەی لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە، لە 19 وەزارەت‌و هه‌شت دەستەو سێ سەرۆکایەتی‌و یەکەکانی (70و 80) دێت‌و دواتر لەوەزارەتمان وردبینی دەکرێت، واتە سەرجەم داتاکان دەبێت بەداتای حکومەتی هەرێم نەک وەزارەتی دارایی، هیچ کەس‌و لایەنێکیان ئامادەنییە بەبێ ئاگاداریان هیچ ناوێک زیادو کەم بکرێت".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه‌، "بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لەهیچ ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق‌و نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبونی ژمارەیەکی لەو شێوەیەو کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسیدەکات".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "بەپێویستی دەزانین لێرەوە ڕایبگەیەنین کە لیستی موچەی هەرێم پاک‌و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانوی بونی ناوی دوبارەو لەیەکچوو، کێشەی بایۆمەتری‌و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕونکردنەوەو خستنەڕوی داتاو زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرجکرایەوە".

ئاشكراكردنى ژماره‌ى ڕاسته‌قینه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌، زیاتر له‌ 30 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌هه‌رێمى كوردستان به‌گوێره‌ى یاسا خانه‌نشین ده‌بن‌و له‌لیستى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى فیعلى هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌هێنرێن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×