تەیف سامی بۆ شاندی ھەرێم: تا مەرجەکان جێبەجێ نەکەن مەیەن بۆ بەغداد
  2025-01-27       945       

لەگەڵ ئەوەی وابڕیاربوو كە ئەمڕۆ دووشەممە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ وەزیری دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق كۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەكردنی ڕاپۆرتی لیژنە تەكنیكیەكەی عێراق تەواو نەبوو سەردانی ئەو شاندەی هەرێم بۆ كۆتایی ئەم هەفتەیە دواخرا.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەخراوەتەڕوو، ئەو لیژنە تەكنیكیەی كە ماوەی هەفتەیەكە لە هەرێمی كوردستانن و لەگەڵ هاوتاكان لە وەزارەتی دارایی هەرێم سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكن لەسەر ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هاوكات ئامادەكردنی لیستی مووچە بە سیستەمی پەیرۆڵ و ئامادەكردنی میزان موراجەعە، بەڵام هێشتا ئەو شاندە نەیانتوانیوە ئەو ڕاپۆرتە ئامادە بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزیری دارایی عێراق شاندی هەرێمی ئاگاداركردووەتەوە كە تا ئەو كاتەی ئەو ڕاپۆرتەی شاندە تەكنیكیەكەی عێراق ئامادە دەبێت واباشتر سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئەنجام نەدرێت، چونكە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئەو شاندە تەكنیكییە ئەوان دەتوانن دەستبكەن بە گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەكان بەتایبەت بابەتی لیستی مووچە و ژمارەی فەرمانبەران.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بەهەموو ئەگەرەكان پێدەچێت تەواوكردنی ڕاپۆرتی ئەو شاندە تەكنیكییەی عێراق بكەوێتە دوو ڕۆژی داهاتوو، بۆیە سەردانی شاندی هەرێمیش بۆ كۆتایی هەفتە  یاخودە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوادەكەوێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×