لێپرسراوێکی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق دڵنیایی لە هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت "هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتەکەی، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کردووە و باسیان لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شانە نوستووەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکە کردووە.
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتەکەی وتی "چاکسازی و پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و هەموو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەکاندا جێگیر دەبن".
لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو، جەنەڕاڵ هام، وەزیری پێشمەرگەی دڵنیایکردەوە کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت.