بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (العربی الجدید) سەبارەت بەزیادبونو ژمارهو موچەو بودجەى هێزهكانى حهشدى شهعبى ئاماژه بهوهدهكات، لهههموو ڕویهوه موچهو ژمارهیان زیادیكردوه، چاودێرانو پەرلەمانتارانیش باس لهوهدهكهن، زیادبونی بەردەوامی ژمارەیان، نیشانەی ئەوەیە نەک کار بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکەیان ناکرێت، بەڵکو لایەنە شیعییەکان بەردەوامن لەدامەزراندنی گەنجان لەڕیزی ئەو هێزەدا.
ئاوێنە: سەجاد سالم ئەندامی پهرلهمانى عێراق سەبارەت بەزیادبونی هەزاران ئەندامی حەشدی شەعبی، سەرسوڕمانی خۆی پیشانداوەو بەڕۆژنامەكەی وتوه، "ساڵی 2014و لەسەروبەندی شەڕی داعشدا، ژمارەی خۆبەخشانی حەشدی شەعبی 60 هەزار کەس بوە، ساڵی 2021 ژمارەکە گەیشتە 100 هەزارو ساڵی 2023 ژمارەکەیان بە 236 هەزار چەکدار نوسراوە، ئەو 136 هەزار کەسە لەکوێوەو چۆن زیادبون؟ بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە".
بهگوێرهى وتەی ئەو پەرلەمانتارە، کە خۆی وەکو پەرلەمانتاری سەربەخۆ ناساندوە، "بودجەی حەشدی شەعبی لەیەک ترلیۆن دینارەوە بۆ سێ ترلیۆن دینار زیادیکردوە، ئەوەش زیادبونێکی نائاسایی بودجەکەیانە".
هەروەها بهگوێرهى ئامارە نافەرمییەکان، ساڵی 2021 بودجەی حەشدی شەعبی بەدوو ملیار دۆلار خهمڵێندراوه، بەڵام ساڵی 2023 ژمارەکە زیادیکردوە بۆ دوو ملیارو 600 هەزار دۆلار.
ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسیی نزیک لەحەشدی شەعبییەوە نوسیویهتى، "پارتو لایەنە شیعەکان بەردەوامن لەدامەزراندنی گەنجان لەڕیزی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێوەی گروپ، هەرجارەو لایەنی کەم دوو ههزار کەس دادەمەزرێنرێن، ئەوەش بەپاساوی ئەوەی ئەمانە پێشتر گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوەو بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە کەسی نوێ دادەمەزرێنن".
سەرچاوەکە ئاشکراشیکردوە، بەشێکی ئەوکەسانە دەچنە ڕیزی هێزە چەکدارەکانەوە، کە 20% زیاترە بۆ کارکردن لەنوسینگە سیاسیو ڕاگەیاندنەکانی لایەنەکان بەکاردەهێنرێن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆریشیان وەک پاسەوانی بەرپرسانی شیعە کاردەکەن.
بهوتهى ئهو سەرچاوەیە، "دامەزراندن لەڕیزی حەشدی شەعبی بەردەوامەو لەماوەی دووساڵی ڕابردودا بەبەردەوامی کەسانی نوێ دامەزراون، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی پێشوتر چەندجارێک ئاگاداریکردونەتەوە، کە لێشاوی دامەزراندن ڕابگرن، بەڵام لیواو فەوجەکان گوێی پێنادەنو بەردەوامن لەدامەزراندن لەڕیزەکانی حەشدی شەعبیدا".
ساڵی 2020 موچەی چەکدارانی حەشدی شەعبی هاوتای سەربازانی سوپای عێراق کرا، بەجۆرێک، هەر چەکدارێک مانگانە بڕی یەک ملیۆنو 250 هەزار دینار وەردەگرێت، سەرەڕای هەندێک دەرماڵەی دیکەی وەک نیشتەجێبون.
بەردەوام بەرپرسانی عێراق جەختدەکەنەوە، کە ئەو هێزە بەشێکه لەسیستمی بەرگریی عێراقو لەسەر بنەمای فەوجو لیواکان هاوشێوەی سوپای عێراق ڕێکخراونەتەوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت، حەشدی شەعبی بەسەر لایەنەکانی ناو شیعهدا دابەشبون.
عەبدوڵڵا ڕکابی توێژەرى کاروباری عێراق باسى لهوهكردوه، حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی گرنگی بەرگریی ئەمنی بۆ عێراقو ئاسایشی عێراقییەکان دەگێڕێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ناکرێت ئەوە قبوڵ بکرێت، کە زیادە دامەزراندن بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر ئابوریی عێراق، بەتایبەتی کە دەوڵەت پارەی حەشدی شەعبی دابیندەکاتو لەناو حەشدی شەعبیش چەند لایەنێک هەن، کە لەهەندێک حاڵەتدا لەگەڵ بۆچونی حکومەت ناکۆکنو شەرمەزاریشى دەکەن.