حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی کاربەدەستانی سەربازیی سوپای ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە، بەڵگەی ئاشکرایە بۆ شکستی ئەوان و بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێن، دەشڵێت، "ئێمە لەبەردەم دوژمن پاشەکشەمان نەکرد، نە لەهیچ خاڵێکدا تەسلیم بوین، نە نیگەران بوین لە گەمارۆی ئابوری دوژمن، نە هەڕەشە و تۆقاندنە سەربازییەکانی".
ئاوێنە: حسێن سەلامی، لە میانی وتارێكدا لە کۆڕبەندی "یادی شەهیدانی شاری کاشان" ڕایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی کاربەدەستانی سەربازیی سوپای ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە، بەڵگەی ئاشکرایە بۆ شکستی ئەوان.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەیری بەرپرسانی ئیسرائیل بکەن، دەبینیت خەمۆک و تێکچو و تەسلیم بون، دەستلەکارکێشانەوە لە دوای شەڕ نیشانەی شکستە، ئەوان بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێن، بەڵام فەلەستینییەکان دڵخۆشن، هەرچەندە ڕۆژانە ژمارەیەک لە خێزان و هاوڕێکانیان لەدەستدەدەن.
فەرماندەی سوپای پاسداران باسی لەوەشكرد، شکستی غەززە بەواتای شكستی ئیسلام دەهات، هەرچەندە هەموان هێرشیانکردە سەر غەززە، بەڵام بە لەسەر پێی خۆی مایەوە و شکۆمەندی و گەورەیی دروستکرد.
ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە لەبەردەم دوژمن پاشەکشەمان نەکرد، نە لەهیچ خاڵێکدا تەسلیم بوین، نە نیگەران بوین لە گەمارۆی ئابوری دوژمن، نە لە هەڕەشە و تۆقاندنە سەربازییەکانی، هەروەها ڕوداوەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن کە خوێن بەسەر شمشێردا سەردەکەوێت".