بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بەپێی فەرمانەكەی حكومەت لەبارەی تەمەنی خانەنشینی، زیاتر لە پێنج ھەزارو 500 ماموستا لە وەزارەتەكەیان خانەنشین دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ھەوڵ دەدەن كاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن دروست نەکات.
ئاوێنە: سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت"بەپێی بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێنج ھەزار و 534 مامۆستا خانەنشین دەبن و بڕیاری حکومەت دەیانگرێتەوە، ڕاستە کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی خوێندن، بەڵام لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران خەریکین چارەی ئەو گرفتە بکەین."
سەیوان فەرەج وتیشی "وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خەتن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بەجۆرێک چارە بکەن کاریگەری ئەو بۆشاییەی دروست دەبێت کەمبکرێتەوە، چونکە تەنیا ئێمە نین، لە وەزارەتەکانی دیکەش ئەو گرفتە ھەیە، بە ھەموووەزارەتەکانەوە نزیکەی 36 ھەزار کەس خانەنشین دەبن، بۆیە حکومەت ھەوڵدەدات ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی گرفتی کەمی میلاک دروست نەبێت."