وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئامانجی وەزارەتەكەیان دروستكردنی سوپایەكی نیشتمانیی كوردستانییەو لەو پێناوەشدا هەمو هەوڵەكانیان چڕكردونەتەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ دوشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە یـان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی یاوەری کرد.
لەو کۆبونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ئامادەبوان باسیان لە ڕەوشی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پرسی چاکسازی و بونیاتنانی دو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی، دامەزراندنی 6 فیرقـەی پیادە لە ئێستادا و هەوڵدان بۆ بونیانتانی فیرقەی زیاتر لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە بو.
وەزیری پێشمەرگە لەوبارەیەوە رایگەیاند: “ئامانجی وەزارەتی پێشمەرگە بونیاتنانی سوپایەکی نیشتمانیی کوردستانییە، کە لەم پێناوەشدا هەمو هەوڵەکانمان چڕکردونەتەوە و بەردەوام و پێداگرین لەسەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا، "دڵخۆشی خۆی دەربڕی" و "پەیامی پاڵپشتی و پشتیوانی گەل و حکومەتی فەرەنسای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دوپاتکردەوە"و رایگەیاند: “دڵخۆشین و چاوەڕێین لەمساڵدا وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی زۆرباش بەدەستبهێنێت لە پرۆسەی چاکسازیدا. لەم پێناوەشدا ئێمەش هاوکار و پشتیوانتان دەبین."