بهگوێرهى ههواڵى میدیاى نزیك لهپارتى، چونی وهفدى باڵای کوردستان بۆ بەغدا لەبارەی موچە دواخراوه بەهۆی تەواونەبونی ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی یەکو لیستی خانەنشینانو تەرازوی پێداچونەوە (میزان موراجەعە)ی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو، دهشڵێت:"تەیف سامی پەیامێکی تایبەتی بۆ ناردون".
ئاوێنە: لهههواڵهكهدا هاتوه، "ئێوارەی دوێنێ لەهەولێر، ڕێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراقی کردوه کە بەهاوبەشی لەگەڵ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی ههرێمو یەکەی ژمێریاری وەزارەتەکانو خانەنشینانی سەربازییو مەدەنیی کاردەکەن، بۆ ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی یەکو ڕێکخستنی لیستی موچەی خانەنشینان بهگوێرهى یاسای خانەنشینی ساڵی 2014ی عێراق".
لهوبارهیهوه ڕێباز حەملان وتویهتى:"دەستخۆشیتان لێدهكهینو سوپاسی هەموان دهكهینو پشتیوانیتان دهكهین بۆ ئەوەی کارەکان بەزویی جێبەجێبکەن، بەو ئامانجەی تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە وهفدى باڵای هەرێم بگەڕێتەوە بەغداو ئالیەتی کارکردنو خەرجکردنی موچە بۆ ساڵی 2025 بچێتە بواری جێبەجێکردن".
ئاماژهى بهوهشكردوه، "تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێم ڕۆژانە تا درەنگانی شەو بەردەوام کاردەکەن، هەموو داواکارییو تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق دەخەنە بەردەم نوێنەرانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ تەدقیقو پەسەندکردنیان بهگوێرهى ئەو ڕێنماییو یاسا کارپێکراوانەی وەزارەتی دارایی لەسەری دەڕوات".
بڕیاربوو ئهمڕۆ یەکشەممە وهفدى ههرێم بۆ دوهمجار سەردانی بەغدا بکاتو لەگەڵ تەیف سامی کۆببنەوەو ڕێککەوتنێکی نوێ بکەن لەبارەی خەرجکردنی موچە لەساڵی 2025 بۆ موچەخۆرانی کوردستان، دواتر ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەکە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقو سودانی بکەن، بەڵام کۆبونەوەکە ناکرێتو تەیف سامی-ش لهپهیامێكدا بۆ وهفدهكهى ههرێم وتویەتی، "هەموو لیستەکان بێ کێشە ئامادەبکەنو لەگەڵ خۆتانی بێنن، ئینجا کۆدەبینەوەو بڕیار دەدەین".
تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق داوادەکات ئەو فەرمانبەرو خانەنشینانەی ژمارەی وەزیفیان نییە واتا (یو پی ئێن)، ناوەکانیان دەربهێنن، بهگوێرهى زانیارییەکانیش، زۆربەی فەرمانبەران (یو پی ئێن)یان هەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر خانەنشین نیانەو سەرەتای ئەم مانگە دەگوترا سێ هەزار کەس دەبن.