بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: بێدەنگی نێودەوڵەتی بەردەوامی بە دەستدرێژییەكانی توركیا دەدات
  2025-01-26       379       

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ئیدانەی هێرشەكانی توركیاو میلیشیاكانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دەكات و دەشڵێت، بێدەنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وا دەكات ئەو دەستدرێژییانە بەردەوام بن.

ئاوێنە: ئەو وتانەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا هاتون دوای ئەوەی توركیا بۆردومانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە بەنداوی تشرین و چەند ناوچەیەكی باشوری كۆبانێ كرد.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وتوشیەتی، ئەو كۆمەڵكوژییانەی لە چوارچێوەی هەوڵەكانی دەوڵەتی توركیادا بۆ لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرو ئەو پڕۆژەیەی كە بۆتە نمونەیەكی سەركەوتو لەو دۆخەی كە سوریا تێیدا دەژی.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو دەستدرێژییانەی پێشێلكاری ئاشكرای تەواوی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەكانن و سوربونی توركیایە لەسەر كردنە ئامانجی ژێرخان و ژیانی دانیشتوانی ناوچەكەمان.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەكان كردوە كە دەستوەردانی بەپەلە بكەن بۆ دانانی سنورێك بۆ تاوانانەی توركیا كە خەڵكی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.

هەروەها داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە كە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی بەرامبەر بە خەڵكی ناوچەكەیان هەڵبگرێت و گوشار لە توركیا بكات بۆ راگرتنی هێرشەكانی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×