ئەندامێكی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە دو بۆردومانی توركیادا لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێشمەرگەیەك برینداربوەو خانوی هاوڵاتییەكیش تەقێندراوەتەوە.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەعات 11:50 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی 2024دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربو.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئۆتۆمبێلەکە لە نزیک بارەگایەکی پاسەوانی سنوری عێراقەوە بە ئامانجگیراوەو پێشمەرگە بریندارەکە ناوی (جاسم محەمەد)ە و تەمەنی 50 ساڵە، دانیشتوی پارێزگای دهۆکە و لە لیوای چوار، فەوجی دوو پێشمەرگەیە و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ دەوام بە ئامانجگیراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هاوكات هەر ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای "زریزێ"وە، خانوی هاوڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.