باوکە قسەم بۆ بکە
  2025-01-25       1254       

هێمن عەبدولقادر

...........

ئەڵێن (مەجنوون) پێش مردنی قەڵەمێکی گرتە دەست ویستی درێژترین نامە بۆ (لەیلا) بنووسێت ، بەڵام پاش ماوەیەکی زۆر قەڵەمەکەی شکاند و گوتی (نامە چۆن بۆ کەسێک بنووسم ، کە خۆی لە دڵدایە)

ئەمەوێت پێش ئەوەی بڕۆم نامەیەکی درێژت بۆ بنووسم باوکە ، بەڵام ئەوەی لەدڵمدا جێماوە ناهێڵێت (لە ئاشتیدا هەمیشە کوڕەکان باوکیان دەنێژن ، بەڵام لە کاتی جەنگدا باوکەکان کوڕەکانیان دەنێژن) ئێمە لەجەنگداین باوکە ، جەنگێکی نابەرامبەر ،ئەبێت تۆ (مۆچیاری) و تەڵقین بۆ ئێمە بخوێنیت ، ئەوەی لەم جەنگەدا بەکاردێت شمشێر و شیر و ڕم نییە ، ئەوەی ئەمانپارێزێ ، زرێ و جەوشەن نییە ، قەڵغان و دڕووە کەنگرنییە باوکە.

..............................

باوکە ، ئێمە جیکڵاس و رانج ڕۆڤەرمان نەبوو ، دەرفەتی ئەوەمان نەبوو لە قاتی بیست و حەوتەمینی تاوەرێکدا ئێواران لە باڵکۆنێکەوە نیشانت بدەین چۆن وەک (دحام) و (قەحتان) لە تۆپزاواو نوگرەسەلمان شۆفڵمان بەردایە ئەو زەویانە ، نەمانتوانی نیشانت بدەین ، ئێمەی کوڕەکان چیمان بۆکردوویت ، چۆن سەگەکانمان لە لە چیاو دەشتەوە ڕاونایە بەردەم مارکێت و مۆڵەکان ، سوچڕمان لە کونی خۆیان هێنایە دەرەوە ، نیشتینە سەر ڕێوی و ژیژکەکان ، دێوجامەمان بۆ کەوەکان نایەوە ، پاکیزەیی کچەکانمان گۆڕی بۆ شەوانی سور ، نەمانتوانی ئەو زەویانەت نیشان بدەین کە بەرامبەر دوو سەبەتەی خۆراک و چوار نەشتەرگەری خێرخوازی چۆن بەکۆمەڵ ئاژەڵ و درەخت و کانییەکانیمان بۆ کۆمەڵگا و کەمپە زۆرە ملێکان ڕاگواست.

..................................

ئێمە بووین بە حەقایەت باوکە .. بووین بە جامی ڕەسم ، بووین بە چیرۆک ، کەس ڕێزی لە ئێمە نەنا ، چونکە لەدەرگای هیچ سوڵتان و قەرەوڵێکدا نەوەستاین ، هیچ شتێکیشیان بە ئێمە نەدا ، ئەو زەوییەی کە درەختمان تیا ڕواند بوو بە هی ترسنۆکترین جەنراڵەکان ، ئەو سەگانەی نانمان پێدان بردیان بۆ پاسەوانی مەزراری زەبوون و قرچاڵەکان ، چونکە ئێمە زمانی ستایش و ماستاومان نەزانی.

ئەڵێن (نوکتەی پیاوی دەوڵەمەند و دەسەلاتدار هەمیشە پێکەنیناویترە) ، ئێمە نەمانتوانی بەو نوکتە بێتامانە پێبکەنین باوکە .

...........................

من ناتوانم لە زمانی ژنەکانەوە قسە بکەم باوکە ، ئەبێت خۆیان ئەو ئازارە بگێڕنەوە ، ئازاری ئەو ژنانەی جەنگ پیاوەکانی بردن و دەفتەری قەرزی بۆ جێهێشتن ، سێبەری منداڵەکانی برد و وێنەیەکی ساردو سڕی لە ژووری میوان و بازگەکان بۆ جێهێشتن ، ئەڵقەی دەستگیرانییەکەی برد و کراسێکی ڕەشی ئاودامانی بۆجێهێشتن ، خەونی ئەو کچانەی تارایەکی سپیان نەپۆشی و بەختی ئەوەیان نەبوو لە ماڵێکدا ببنە دایک و گورگانە شەوێ بۆ منداڵێک بڵێن و بوونە مۆدێل و کاڵای ناو بازاڕ و خەیاڵی ڕووتی پیاوانی مەستی ناو یانەکان ، ئەو چیرۆکە دەبێت لە زمانی خۆیانەوە بیبیستیت (تا تەنوورەکەیان کورتر بووبێت ، ڕێزیان زیاتر لێگیراوە) زیاتر فەرشی سوریان بۆ ڕاخراوە ، خەڵات و پاداشت کراون ، ئەو هەموو چاوە بێگوناهەی لە ژوورەوە پرچی سپیان بە دیار شاسواری خەونەکانیان هۆنییەوە باوکە ، هەر نەهات و یەکێکیان بخاتە سەر زینی ئەسپەکەی و بەرەو دورگەیەک بیانفڕێنێ پڕ بێت لەبەختەوەری باوکە.

...............................

قسەم بۆ بکە باوکە

سەدان جار بەدرۆوە ڕۆڵی بەختەوەریت بۆ ئێمە ئەبینی کە چی بە غەمگینەوە ڕۆشتیت ، تۆ ئەکتەری گەورەی ژیانی ئێمە بوویت ، لەسەر تەختەی شانۆ (بە هەفتە ڕۆڵی پاشات دەبینی و کەچی بە برسێتی مردیت)

چەکمە و پێڵاوی درێژت لە پێدەکرد و عەللاگە و پاشماوەی سەرخۆشەکانت کۆدەکردەوە و کەچی کەس لەسەر ستەیج و تەختێکی شانۆ دەستی ماچ نەکردیت باوکە ، زبڵی ناو کۆڵان و کوچەکانت کۆدەکردەوە و کەچی ئێمە دەستی زبڵەکانی ناو کۆمەڵگا و سۆشیاڵ میدیا و هۆتێل و ڤیستیڤالەکانمان ئەلێسایەوە.

تاجی ڕسواییمان کردە سەری هاوەڵی شاجوان و باڵوێزی سمت و نوێنەری دوو لیمۆی باغی سەر سنگ ، لێ تاجێکمان نەخستە سەر سەری تۆ کە بیست بیست لە پشتی ماشێنێکی سەربەتاڵدا دەیان بردن تا پاشماوەی ناو قاعە و ڤیستیڤالەکان کۆبکەنەوە باوکە.

باوکە ئەڵێن (گورگ کە پیر دەبێت هەموو ڕۆژ ددانی خۆی دەژمێرێت) تا بزانێت چەندی تری لە ژیاندا ماوە ، تا زەلیلی (ئەسکوێ)و کەوچکی ناو مەنجەڵەکان نەبێت قومێک شۆربا بکەن بەدەمیەوە ، خەریکی ژماردنی ددانی بێحورمەتی خۆمم باوکە ، تا بزانم چەند بێ دەرپێ و بێ پزوو و بێ دڵینگی تر ، دەچێتە سەرەوە و چەند هەویر شێل و پاککەرەوەی بەردەم تەوالێتەکان نوقم دەبن .

........................

باوکە وشە دەتوانێت ببێت بە پاڵتۆیەکی گەرم و دەتوانێت ببێت بە زستانێکی سارد ، نازانم ئەم وشانە گەرمت ئەکەنەوە یان کزر و شەختەی زیاتر لە ڕۆحتا دروست دەکەن ،

چیخۆف لە یەکێک لە شانۆگاریەکانیدا دەڵێت (بزمار بە دیوارەکەدا دامەکوتە ، چاکەتەکەت بدە بەسەر کورسیەکەدا ، ئێمە زۆر لێرە نامێنینەوە و .... زوو دەڕۆین) باوکە.

شێخ ڕەزا وتەنی بە ئێمە دەڵێن (چایچی) ، هیچ بەدەست ، خەڵکی خوارەوە ، بێ پشت و پەنا ، قەراغی شار باوکە ، بەڵام خۆ هەر چاکە ، ئازارەکانمان چەند سەخت بێت و تۆش هیچ نەڵێیت ، بەس نییە وەک ئەوان نەبووین بە نوقتەی (لا) بەلا .

(شرح غمت تمام نگفتیم همچنان

این صد یکیست کز غم دل بر زبان برفت)

هێشتا هیچمان نەگووت ، ئازار با هەر لەدڵدا بمێنێتەوە باوکە .

نوقتە سەری دێڕ ........

.........................................................

(باوکە قسەم بۆ بکە) دواین دێڕی ئەکتەری گەورە (پۆڵ میسکال)ە لە فیلمی (گلادیتۆری ٢) پێش ئەوەی بکەوێت ، باس لەهەموو ئەو ئازار و ڕسواییە ئەکات کە بەسەر خۆی و باوکیدا لە هەردوو بەشی فیلمەکەدا هات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×